رێژەی سووتانی 100‎%‎ بوو

بریندارێكی رووداوی ئاگرەكەی ئەمڕۆی دهۆک گیانی لە دەست دا

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گەڕەکی ماڵتای دهۆک تانکییەکی نەوت لەسەر خانووی ماڵێك گڕی گرت و دوو منداڵ بەهۆیەوە سووتان، یەكێكان لەوان کەمێک پێش ئێستا گیانی لەدەست دا .

رۆکان مەتین، یەكێك لە منداڵەكان بوو، كە بە رێژەی 100‎%‎  سووتابوو، بەم هۆیەوە گیانی لە دەست دا، هەروەها محەمەد مەتینی برای ئیستا لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و چارەسەر وەردەگریت و ریژەی سووتانی 35‎%‎ ە.

د. شرین ئەنوەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتان لە دهۆک بە 964ی وت، کەمیک پێش ئێستا رۆکان مەتینی تەمەن 10 ساڵان کە رێژەی سووتانی 100‎%‎ بوو، دوای مانەوە بۆ ماوەی نزیکەی 8 کاتژمێر لە نەخۆشخانە، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی گیانی لەدەست دا، ئێستاش دەبرێت بۆ پزیشکی داد و دواتر رادەستی خیزانەکەی دەکرێتەوە.

وتیشی، براکەی، كە ناوی محەمەدە ئێستا دۆخی جێگیرە و رێژەی سووتانەکەی زۆر نییە و دەگاتە 35‎%‎  و چارەسەر وەردەگرێت.

ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 11 پێش نیوەڕۆ لە گەڕەکی ماڵتای دهۆک تانکییەکی نەوت کە لەسەر بانی ماڵێك بوو، تەقییەوە و ئاگرێكی گەورەی لێكەوتەوە.

بێوار عەبدولعەزیزی، وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک لە كاتی رووداوەكە بە 964ی راگەیاند، هۆکاری تەقینەوەکە ئەوە بووە کە ئەو دوو منداڵە یارییان بە بۆری تانکییەکە کردووە لە سەربانی ماڵەکە و ئاگریان لە بۆریی تانکییەکە بەرداوە و بەم هۆیەوە بە سەختی بریندار بوون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکی نەوت لە دهۆک دوو کەس بریندار...

بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکی نەوت لە دهۆک دوو کەس بریندارن