گومان لە گۆشتەکەی هەبووە

گومانی هاوڵاتییەک لیژنەی گەیاندە سەر لەفەفرۆشێکی هەڵەبجە

964+

ئەحمەد مستەفا

هاوڵاتییەک لە ناو بازاڕی هەڵەبجە لەفەی گۆشتی خواردووە، ئەوەی لەلای خەڵک بە گەس ناودەبرێ، وا گومانی کردووە گۆشتەکەی شیاو نەبێ، راستەوخۆ سکاڵا دەیەنێت بە لیژنەکانی قایمقامیەت.

بە گوێرەی سۆراغی 964، سکاڵای ئەو هاوڵاتییە لیژنەی گەڕان و پشکنینی گەیاندووە بە دوکانی لەفە فرۆشەکە.

قایمقامیەتی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، “پاش گەیاندنی سکاڵای هاوڵاتییەکە، دەستبەجێ لیژنەکەمان گەشتە شوێنەکە و بۆ ئەو مەبەستە، لیژنەی باڵاشمان بۆ هەماهەنگی زیاتر ئاگادار کردەوە”.

ئاماژە بەوەش دەدەن، “پاش ئەوەی پشکنینی فیزیاییمان بۆ تەواوی ئەو گۆشتە کرد، کە هاوڵاتییەکە سکاڵای لەسەر هەبوو، دەرکەوت هیچ کێشەیەکی نییە و شیاوە بۆ خواردن، بۆ تەواو دڵنیابوونەوەی هاوڵاتییانی شار، کە کێشەی نییە، لە هەمانکاتدا لیژنەی باڵاش پشکنینی فیزیایی بۆ کردەوە، بۆیە هەردوولا دڵنیابووینەوە هیج کێشەیەکی نییە و شیاوە بۆ خواردن”.

دیمەنەکان پشکنینی لیژنەکە دەردەخەن؛