بەشێوەیەکى کاتى
کێشەى موچەى خانەنشینانى هێزەکانى 70 چارەسەرکرا
964+
ژووری هەواڵ
کێشەی موچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی کاتی چارەسەر کرا و وەزیری دارایی رایگەیاند، فەرمانیکردووە بەشێوەی سلفە ئەو دوو موچەیەیان بۆ خەرجبکرێت تا کێشەکەیان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 22.7.2024، وەزارەتی دارایی رایگەیاند، وەزیری دارایی فەرمانی کرد بە خەرجکردنی موچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 بەشێوەی سلفە تا کێشەکەیان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی 70 کە لەچەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگای سلێمانیەوە هاتبوون، ئەم چارەسەرە کاتیەی راگەیاندووە.
هێزەکانی 70 ژمارەیان نۆ هەزار کەسە و موچەی مانگانەیان چوار ملیار دینارە، وەزارەتی دارایی دەڵێت، تا ئێستا نەخراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری.
“نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی موچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی 70 تا ئێستا هیچ داتاو زانیاری و دۆسیەیەکیان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوری نییە و لە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوررستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە”، وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاند، ئەوان بەرپرسیار نین لە دواکەوتن و نەدانی موچەکانیان بەڵکوو پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 کاربکات بۆ ئەوەی بەزوترین کات دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.