کاریگەرى لەسەر نرخى مریشک دەبێت؟

نەخۆشى کێڵگە پەلەوەرییەکان خەستر بووەتەوە

964+

وریا فەتاح

زیاتر لە دوو هەفتەیە جۆرە ڤایرۆسێک لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراقدا بڵاو بووەتەوە و بەهەزارانیان لێ مردار بوونەتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما ڤایرۆسەکە توندتر دەبێتەوە.

نەخۆشییەکان بریتین لە؛ نیوکاسڵ، ئای بی و گەمبۆرۆ و زیاتر لە وەرزی گەرمادا تووشی کێڵگە پەلەوەرییەکان دەبن و ئێستا لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاو بووەتەوە

نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بە 964ـى وت، ڤایرۆسەکە بەردەوامە و بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما مرداربوونەوەش زیاتر بووە.

وەک ئەوەى باسى دەکات، حکومەت هیچ چارەسەرێکى پێ نییە و هیچ هەوڵى نەداوە بۆ چارەسەر بوون.

بەشێکى زۆرى خاوەن کێڵکە پەلەورییەکان بەهۆى ئەم ڤایرۆسەوە توشى زیانى گەورە دەبن، وەک ئەوەى نازم عەبدوڵا باسى دەکات، 50%ـى خاوەن پڕۆژەکان ئەگەر کیلۆى مریشک بە پێنج هەزاریش بفرۆشن هەر زەرەریانە.

بۆ راستکردنەوەى رێژەى مرداربوونەوە، بەشێکى زۆرى خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانى ئەگەر لە هۆڵێکدا رێگە بە 20 هەزار جوجک درابێت ئەو چووە 30 هەزارى تێکردووە.

هەرچەندە ڤایرۆسەکە توندتر بووە، بەڵام بەهۆى زۆرى بەرهەمى کێڵگە پەلەوەرییەکانى پێناچێت قەیرانى گۆشتى مریشک سەرهەڵبدات و نرخەکەى بەرز ببێتەوە.

ساڵانە هەرێمى کوردستان پێویستى بە 145 هەزار تۆن گۆشتى مریشکە، واتا بەپێى ستانداردى جیهانى بۆ هەر کەسێک 24 کیلۆ دانراوە، لە هەرێمى کوردستان بۆ منداڵ و خەڵکى بەتەمەنیش هەر 24 کیلۆ دانراوە کە خواستەکە 145 هەزار تۆنە، بەڵام رێژەى بەرهەمهێنان 400 هەزار تۆنە و بەشى هەموو ناوەڕاست و باشوورى عێراقیش دەکات.

لە هەرێمى کوردستان 2000 پڕۆژە و کێڵگەى پەلەورى یاسایى و 700 کێڵگەى پەلەورى نایاسایى هەیە و بە تێکڕا زیاد لە خواستى عێراق و هەرێم بەرهەمیان هەیە.

ڤایرۆسێک لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاوبووەتەوە

ڤایرۆسێک لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاوبووەتەوە