فەرمانبەریشی بۆ دادەمەزرێنن

لە کەلار سەنتەرێکی حکومی بۆ توشبووانی ئۆتیزم دەکرێتەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان جگە لە چەند سەنتەرێکی ئەھلی بۆ توشبووانی ئۆتیزم، ھیچ سەنتەرێکی حکومی بوونی نییە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەنتەرێکی حکومی لە کەلار بکرێتەوە.

ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان بە 964ى وت،”حکومەت نەیدەتوانی لەم کاتەدا بینامان بۆ دروست بکات، بۆیە خۆمان بینایەکمان ھەبوو کە دایەنگەی منداڵانی کەلار بوو، داوامانلێکردن چۆڵیکەن، ئێستا بیناکەمان وەرگرتووەتەوە”

رێکخراوی ھاوکاری ئەڵمانی لە گەرمیان، سەردانیان کردین و نۆژەنکردنەوەی بیناکە و پێدایستیەکانی سەنتەرەکەیان خستە ئەستۆی خۆیان، بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوو دەست بە کارەکانی بکرێت، ژیلوان عادل وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد،” ئەمە دەبێتە یەکەم سەنتەری ئۆتیزمی حکومی لە قەزای کەلار، دوای تەواوکردنی کارەکانیشی دەرفەتی دامەزراندنی فەرمانبەر بۆ سەنتەرەکە رادەگەیەنین، بەڵام تا ئێستا نازانین چەند کەسمان پێویستە”.

ژیلوان عادل، وتیشی،”لە ھەفتەی داھاتوو مەراسیمی کردنەوە بۆ سەنتەری ئۆتیزم لە قەزای کفری بەڕێوەدەچێت، فۆرمی دامەزراندنی 30 فەرمانبەر بۆ سەنتەرەکە پڕکراوەتەوە و تەنیا ئەوە ماوە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە مەرجەکانیان تێدایە”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی