"کۆنمرەکەی 98.85 "

یەکەمەکەی شارباژێڕ لەقوتابخانەش بە دکتۆر بانگیان کردووە

964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ئارۆ عەبدولڕەحمان، یەكەمی سەر ئاستی پەروەردەی شارباژێڕە لە بەشی زانستی و كۆنمرەی 98.85 بەدەست هێناوە، ئەو براکەی ئاگاداری کردووە کە یەکەمی سنورەکەیە، لەو کاتەشدا باوکی لە ئەرکی پێشمەرگایەتی دا بووە و لەرێگەی فەیسبووکەوە پێی زانیوە.

ئارۆ خۆی و خێزانەکەی لە ماڵێکی قەزای چوارتا لە ناوچەی شارباژێڕ دەژین، باوکی تا شەشی بنەڕەتی خوێندووە و دایکی خوێندەواری نیە، بەڵام کوڕەکەیان بۆ ئاست بەرزی خوێندنی ئەمساڵ، ناوی لەناو ناوانە، جگە لە پلەی یەکەمی ناوچەکەی پلەی چوارەمی لە ئاستی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە.

ئارۆ عەبدولڕەحمان، بەشداری فیچەرێکی 964ی کردووە دەڵێت، “یەكەم بوون هەستێكی تایبەت و خۆشی پێ بەخشیووم، سەرەتا برایەكم هەواڵەكەی پێدام كە یەكەمی سەرئاستی شارباژێر بووم، دواتر مامۆستای فیزیا و بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێر لە سۆشیال میدیا بڵاویان كردبووەوە”.

ئەو خول و مامۆستای تایبەتی نەبووە، وتی، “بەڵكو لەگەڵ كرانەوەی قوتابخانەکان بە پلانێك خۆم ئامادە كرد، بۆ ئەوەی بتوانم بێ كێشە و دواكەوتن خوێندنەكە بەڕێ بكەم، هەر لە سەرەتای خوێندنەوە رۆژانە چوار بۆ پێنج كاتژمێر هەر لەماڵەوە و لە ژوورەكەی خۆم سەعیم كردووە”.

عەبدولڕەحمان محەمەد، باوكی ئارۆ لە بارەی ئەنجامی کوڕەکەی بە 964ی وت، “خۆم بڕوانامەم نییە و خوێندنم تەواو نەكردوە، بۆ كوڕەكەم زۆر پێم خۆشبوو كە ئەو نمرە بەرزەی بەدەستهێنا، زۆر حەزم دەكرد لە كاتی راگەیاندنی ئەنجامەكە لە ماڵەوە بوومایە، بەڵام لە ئەرکی پێشمەرگایەتی بووم، هەر كە زانیم یەكسەر بە تەلەفۆن پیرۆزباییم لێكرد”.

بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەی کە ئارۆ سێ ساڵی ئامادەیی لەلای ئەوان خوێندووە ئەوە ئاشکرادەکات، کە هیچ مامۆستایەک گلەیی لێی نەبووە، رەسوڵ رەشید، بەڕێوەبەری ئامادەیی چوارتا بە 964ی وت، “پێشبینیمان دەكرد ئارۆ ئەو نمرە بەرزە بەدەست بهێنێت، لەبەرئەوەی لە قۆناغەكانی پێشووشدا هەمیشە یەكەم یان دووەم بووە، وەكو پاڵپشتیەكیش لەگەڵ دووان لە هاوڕێكانی لەناو قوتابخانە بە دكتۆر بانگمان كردوون”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

وەزیری پەروەردە ناوی یەکەمەکانی ئاشکرا کرد

وەزیری پەروەردە ناوی یەکەمەکانی ئاشکرا کرد