کێشەی بێئاوی لە هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی ئاو بەخۆكەوتووە و چەند سەرپێچییەكی لابرد

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بۆ چارەسەکردنی کێشەی کەمئاوی كەوتووەتەخۆ و سەرپێچییەكانی سەر بۆرێی لە گەڕەكێك لادەبات و لە چەند گەڕەكێكی دیكە تۆڕەكانی درێژكردووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە لە سۆشیال میدیای خۆی بڵاویكردەوە، حەوت سەرپێچییان لە راکێشانی نایاسایی ئاو لابردەوە، كە لە گەڕەكی ئاری و تەنیشت باڵەخانەی دەزگای ئاراس بووە.
هەروەها ئاماژەیان بەوە كرد، چەند كارێكی دیكەیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە دوو گەڕەكی دیكە كردووە، ئەوانیش:

– درێژکردنەوەی بۆری تیرە /180  ملم لە گەڕەکی هەولێری نوێ .
– ⁠ درێژکردنەوەی تۆری ئاو لە سنووری بیری ژمارە (14)ـی هەولێری نوێ .
–  ⁠گۆڕینی قفل تیرە /8 ئینج لە گەڕەکی بێتواتە
بەڕێوەبەرایەتییەكە داوا لە هاوڵاتیانی هەولێر و دەوروبەری دەكات، پەنا نەبەنە بەر كاری نایاسایی بۆ دابینكردنی ئاو، بۆ ئەوەی ئاو بە یەكسانی بگاتە هەموو شوێنێك.
لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی هاوین، كێشەی كەمئاوی لە هەولێر سەرهەڵدەدات، شەوی رابردووش دانیشتووانی گەڕەكی باداوە شەقامی 100 مەترییان گرت و بەهۆی نەبووی ئاوەوە گردبوونەوە، لە رۆژانی رابردووشدا لە چەند گەڕەكێكی دیكەی هەولێر بۆ هەمان مەبەست هاوڵاتیان گردبوونەوە و داوای چارەسەر دەكەن.
بە قسەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كە رۆژی 14ی ئەم مانگە بۆ 964 قسەی كرد، پلانی بەردەوامیان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی بێئاوی لە هەولێر، لەوانەش “لێدانی بیری نوێی ئاو له‌و شوێنانه‌ی كه‌ بیره‌كان به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵییه‌وه‌ وشكبوون، جیا له‌ دابینكردنی كاره‌با و ته‌واوی پێداویستییه‌كانی دیكه‌، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ هاوڵاتیان”.

هەولێر دەیەوێت كێشەی بێئاوی ماڵان چارەسەر بكات

هەولێر دەیەوێت كێشەی بێئاوی ماڵان چارەسەر بكات