ئۆتۆمبیلى بەرپرسەکەى پارتى لە گەرمیان دواى تەقینەوەکە...وێنە:964+
لەبارەى تەقینەوەى ئۆتۆمبێلى بەرپرسەکەى پارتى لە گەرمیان
راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنى ئاسایشەوە
وریا فەتاح
ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، راگەیەنراوێکى لەبارەى تەقینەوەى ئۆتۆمبێلەکەى بەرپرسى لقى 22ـى پارتى لە گەرمیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، “بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و گروپێکى پەکەکە ئەنجامیداوە”.
لە راگەیەنراوەکەیدا ئەنجومەنى ئاسایشدا هاتووە،”ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنن”.
“ئەو گرووپە تێکدەرە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا چەندین هاووڵاتی و ئەندامانی هێزەکانی بەرگری لە کوردستانیان بە ئامانج گرتووە کە بەشێکیان شەهید بوون و لە بەشێک لە کارە تێکدەرانەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و پووچەڵ کراونەتەوە”، ئەنجومەنى ئاسایش واى نوسیووە.
باس لەوەشکراوە، ئەو گرووپە بەوەش نەوەستاون، بەڵکوو بە سووتاندنی شوێنە گشتییەکان، بازاڕ و مۆڵەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، رقی خۆیان هەڵڕشتووە و بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە کاسبکاران و هاونیشتمانییانی هەرێمی کودستان.
ئەنجومەنى ئاسایش لە بەشێکى دیکەى راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت،”بەردەوامیدان بەو کردەوانە بێوەڵام نابێت و سەرکردایەتیی گرووپەکە بەرپرسن لە هەر لێکەوتە و کاردانەوەیەک”.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، ئۆتۆمبێلى ئەکرەم ساڵح، بەرپرسى لقى 22 پارتى لەگەرمیان لە بەردەم ماڵەکەى خۆى دواى سەرکەوتنى تەقییەوە.