نەخۆشییەکان چین؟
ئەمساڵیش هەنجیرە تام خۆشەکەی ئاکرێ تووشی نەخۆشی بووە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بەشێک لە هەنجیرە بەناوبانگەکەی ئاکرێ تووشی نەخۆشی بووە، کشتوکاڵی ئاکرێش دەڵێت زۆربەی هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکە پابەندنەبوونی جوتیارانە بە دارەکانەوە و پێشوەخت ئاگاداریان ناکەنەوە لە هەر کێشەیەک کە رووبەڕوویان دەبێتەوە.
هەنجیری ئاکرێ یەکێکە لە میوە بەناوبانگەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بە رەنگ و جوانی و تامە شیرینەکەی بەناوبانگە، ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار تۆن بەرهەم دێت.
بەپێی سۆراغێکی 964 لە ناحیەی دینارتە، زۆربەی دار هەنجیرەکانی جوتیارانی ناوچەکە تووشی نەخۆشی بوون و پێش گەیشتنیان زەرد دەبن و لەناو دەچن. جوتیاران داوا لەلایەن پەیوەندیدارەکان دەکەن هاوکاریان بیکەن.چۆنکە هەنجیری ناحیەی دینارتە بەناوبانگترین هەنجیری دەڤەرەکەن.
کاروان جەمال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ بە 964ـى وت، بۆ دووەم ساڵە بەشێک لە دار هەنجیرەکانی ئاکرێ تووشی نەخۆشی دەبن، کە جۆرە کرمێک بەناوی”ذەبابە التین” دەچیتە ناو بەرهەمی هەنجیرەکە و زەردەی دەکات و تێک دەچیت.
وتیشی، چەند هۆکارێکی دیکە هەن کە جوتیاران ئەم کارە ئەنجامدەدەن، وەک “زۆربەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان، خراپی ئاودێری و گەرما.” بۆ بەرهەمەکەی، بەڵام تا ئێستا ئەوان رووبەری ئەو دارانەی کە تووشی نەخۆشییەکە بوون نازانن و بەدوایداچوونیان دەستیپێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت جوتیاران پێش ئەوەی بەرهەمەکەیان بە تەواوی تووشی نەخۆشی بێت ئەوان ئاگادار بکەنەوە، ئەگینا ئەوەتا ئێستا هیچیان لەدەست نایەت بۆیان.
“هەموو ساڵێک بەرهەمی هەنجیر لە هەفتەی دووەمی مانگی تەمموزەوە تا مانگی ئەیلول پێدەگات و جوتیاران بۆ ماوەی سێ مانگ بەرهەمی هەنجیر دەفرۆشن و هەناردەی پارێزگەکان و باشووری عێراقیشی دەکەن”کاروان جەمیل وای وت.
لەلای خۆیەوە،دکتۆر ئیحسان نافیع پسپۆر لەبواری کشتوکاڵیدا لە سنووری ناحیەی دینارتە بە 964ـی وت، سێ هۆکار بۆ تێکچوونی بەرهەمی هەنجیر لە سنوورەکەدا هەیە، یەکێک لەوانە بەرزبوونەوەی رێژەی وەراندنی هەنجیر بەڕێژەی 10% و دووەمیان رێژەی شێدار بوونی زەوی ئەمساڵ و سێیەمیان نەخۆشی هەنجیرە، کە جوتیاران لەکاتی ليێکردنەوە دا تێبینی دەکەن کە بەرهەمەکە وردە وردە خراپ دەبێت و لەو کاتەدا چارەسەری نییە.
بەپێی ئامارێکی964ـی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ وەریگرتووە، لە سنووری قەزای ئاکرێ 250 هەزار دار هەنجیر هەیە، لەسەر رووبەری 15 هەزار دۆنم.
پێداچوونەوە: توانا نەقی