ئاسایش رووبەڕوویان بووەوە
داعش بەنیازبوون قوتابخانەیەکی قەرەهەنجیر بکەن بە مۆڵگەی خۆیان
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەو دوو چەکدارەی داعش کە ئەمڕۆ رووبەڕووی ئاسایشی ناحیەی قەرە هەنجیر بوونەوە بە نیازبوون لەناو یەکێک لەقوتابخانەکانی ناحیەکە دەست بە کار و چاڵاکییەکانی خۆیان بکەن.
کاتژمێر 7:40 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 14.7.2024 دوو چەکدار لەسەر ماتۆڕسکیلێک دەبن و دوای چاودێری کردنیان لە لایەن ئاسایشەوە دەبێتە شەڕی دەستەو یەخەیان و پاشان رووبەڕووبوونەوە دروست بووە، یەکێک لە چەکدارەکان کوژراوە و ئەوەی دیکەیان بە سەختی بریندار بووە و دەستگیر کراوە، هەر لە ساتی رووبەڕووبوونەوەکەشدا ئاسایشێک گیانی لەدەستداوەو یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
ئاڤێستا محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر بە 964ـی وت، چەند رۆژێکە زانیاری لەسەر جموجوڵی چەکدارانی داعش هەیە لە سنوورەکە، ئەو دوو چەکدارەی ئەمڕۆ بە هەلیان زانیوە کە قوتابخانە نییە و پشووی فەرمیە بە نیازبوون لە ناو یەکێک لە قوتابخانەکان بمێننەوە و دەست بە کار و چالاکییەکانی خۆیان بکەن.
وتیشی، یەکێک لە چەکدارەکان پشتوێنی بۆمبڕێژکراوی بەستووە و دەست بەسەر چەک و ژمارەیەک نارنجۆکی دەستیدا گیراوە
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەگەڕێتەوە بۆ دەستبەکار نەبوونی لیوا هاوبەشەکان لەو ناوچانەی دەکەوێتە بۆشایی ئەمنیەوە لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی