بە بڕیارى ئاسایش
ئەو شوێنانەى پاترى ئۆتۆمبێل هەڵدەوەشێنن داخران
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
بەبڕیاری ئاسایشی قەزای کفری، ئەو شوێنانە داخران کە کاری ھەڵوەشاندنەوەی پاتری ئۆتۆمبێل دەکەن، ئەوەش بە ھۆکاری ئەوەی خاک و ژینگە پیس دەکەن.
عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی قەزای کفری بە 964ـى وت،” لەسەر داوای قایمقامیەتی قەزای کفری ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێوەیەکی کاتی ئەو شوێنانەمان داخست کە پاترى ئۆتۆمبێل هەڵدەوەشێنن”.
“تێزابی ناو پاترییەکان دەڕژێنە سەر زەویەکە و ئەمەش تێکەڵ بە خاک دەبێت و زیانی تەندروستی و ژینگەیی ھەیە، ھەربۆیە بڕیاری داخستنیان دراوە”عوسمان محەمەد وای وت.
بە وتەى بەڕێوەبەرى ئاسایشى کفرى، بڕیارەکە بۆ ماوەیەکى کاتییە، هەرکاتێک مەرج و رێنماییە ژینگەییەکانیان جێبەجێکرد دەتوانن دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
لە قەزای کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، سێ شوێنى ھەڵوەشاندنەوەی پاتری ئۆتۆمبێل ھەیە، تێزابی ناو پاترییەکان دواى هەڵوەشاندن دەڕێژنە سەر زەوى و ئەوەیتری قاڵب دەکەن و رەوانەی سلێمانی یان وڵاتی ئێران دەکرێن بۆئەوەی جارێکیتر بەکاربھێنرێنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح