لە سنووری دیالە

رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنیەکان و چەند تۆمەتبارێک کوژراوی لێکەوتووەتەوە

‎راژان باجەڵان – دیالە

لە هەڵمەتێکی دەستگیر کردنی ژمارەیەک تۆمەتبار لە سنووری دیالە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانەدا روویداوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 13.7.2024 هەڵمەتێکی فراوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستپێکرد بۆ دەسگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتبار کە بە “تیرۆریست” ناویان دەهێنرێت لە ناحیەی خان بەنی سەعد لە سنووری دیالە لەو کاتەدا رووبەرووبونەوە روویداوە.

عەقید هەیسەم بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دیالە بە 964ـی وت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای عێراقی هەڵمەتەکەیان دەست پێکرد لە ناوچەی (ئەلعەیط ) لە ناحیەی خان بەنی سەعد کە دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای پارێزگای دیالە و تۆمەتبارەکان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە و تائێستاش بەردەوامە.

وتیشی، رووبەڕووبوونەوەکە ئەوەندە سەخت بووە لەلایەن فڕۆکەوە هاوکاری هێزە ئەمنیەکان کراوە و بەشداربوون لەو شەڕەدا.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری 964 کەوتووە ، سێ کەس لە پۆلیسی دیالە کوژراوە و یەک کوژراویش لە ریزەکانی سوپای عێراقی هەیە و تەرمەکەی لەلایەن تۆمەتبارەکانەوە رفێنراوە و دوو برینداریش هەر لە سوپا هەیە و ژمارەیەک لە ریزی تۆمەتبارەکانیش کوژراو هەیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی