کۆمپانیاکە وتوویەتی، "بەسەرماندا تێپەڕیوە"

رێکخراوێکی ژنان بەبیانووی سوکایەتی بە کێشی ژنێک ریکلامێک رادەگرن

964+

ئەحمەد مستەفا

بڵاوبوونەوەی ریکلامێکی بازرگانی لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەت بە پۆست و گەیاندن بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی کارەکتەری ژنێک رێکخراوێکی ژنان توڕە دەکات، “تا ئەو رادەیەی کار بۆ راگرتنی ریکلامەکە دەکات و پەخشکردنی رادەگیرێت”.

رێکخراوەکە پێی وایە، “ژنێک وەک کاڵایەکی بێ ئەرزش لە ریکلامەکەدا نمایش کراوە و گاڵتە بەکێشی زیادی ژنەکە کراوە”.

ئەمڕۆ شەممە 13.7.2024، رێکخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان ناسراو بە (رێوان)، لە بڵاوکراوەیەکدا لە پێگەی فەڕمی خۆی نوسیوویەتی، “‎رێکخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان، بۆ راگرتنی ریکلامەکە وپاراستنی شکۆی ژن، پەیوەندی بەلایەنی پەیوەندیدار، ئەریوان سیوەیلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی کردووە”.

بەپێی گێڕانەوەی رێکخراوەکە بێت، “بەڕێوەبەرەکە بەدەمیانەوە هاتووە و بۆ راگرتنی ریکلامەکە داواکارییەکەی رێوانی پەسەندووە”.

ئەریوان سیوەیلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی لەبارەی ریکلامەکەوە وتوویەتی، “کۆمپانیایەک بۆ ناساندنی کارەکەی ژنی وەک کەرەستەیەک بەکارهێناوە، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە لەو کارە ئاگادار کراین پەیوەندیمان بە کۆمپانیای ناوبراوەوە کرد و کارەکەمان پێ راگرتن”.

بە قسەی بەرێوەبەری راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، “پێیان راگەیاندوون کە بەکارهێنانی ژن بەشێوەیەکی بریندارکەر بۆ ناساندنی کۆمپانیا و پیشەکەتان کارێکی نەشیاو و رێگەپێنەدراوە و ئەگەر بەردەوام بن ناچارین بەشێوەیەکی یاسایی هەڵوێست وەربگرین لەدژتان”.

‎بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی رێکخراوی رێوان بێت، “کۆمپانیاکە، بەڵێنیانداوە کارەکە رابگرن و دووبارەی نەکەنەوە”، لە هەمان کاتدا‎ جەختیان لەوەکرووەتەوە “لەو بارەیەوە بێ زانیاری بوون و کەسێک ریکلامەکەی بۆ دروست کردوون و بەسەریاندا تێپەڕیووە”.

ریکلام بۆ شیرێک راگیرا؛ گاوانی کردووە بە شوان

ریکلام بۆ شیرێک راگیرا؛ گاوانی کردووە بە شوان