"چەکی پارەی گەنمەکانیان دابەشدەکەن"
ئەو جوتیارانەی گەنمیان بۆ سایلۆی سەیدسادق بردووە ئەم هەواڵە بۆ ئێوەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
سایلۆی سەیدسادق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “ئاگاداری جوتیاران دەکەینەوە سبەی یەکشەمە 14.7.2024 دەست دەکرێت بەدابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی 2024”.
سایلۆکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “تا ژمارە کارتی 299 دابەش دەکەن”، هاوکات هەر ئەمڕۆ راگەیەندرا وەزارەتی بازرگانیی عێراق، “بڕی 10 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جوتیارانی نارد”.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە 13.7.2024، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، “لە کۆی ئەو 10 ملیار دینارەی بەغدا ناردوویەتی، پێنج ملیاری بۆ سلێمانییە و سێ ملیاری بۆ هەولێر و دوو ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دهۆکە”.
راشیگەیاند، “لەدوای تەوابوونی رێکارەکان، ئەم هەفتەیە دابەش دەکرێت”.
وەزارتی بازرگانیی حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی سنووردار کردووە، کە کۆی گشتی 700 هەزار تۆنە لە کاتێکدا بەرهەم لە سنووری یەک ملیۆن تۆنە، بەوەش گەنم تەنیا لەو جوتیارانە وەردەگیرێت، کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ناوەکانیان نێردراوە بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق.
ئەوە لە کاتێکدا سایلۆکان داوادەکەن، جوتیاران، سەردانی هۆبە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانیان بکەن، بە مەبەستی هێنانی پشتگیری بۆ سایلۆکانیان، بە مەبەستی رادەستکردنی گەنمەکانیان، ئەگینا بە پێچەوانەوە گەنمیان لێ وەرناگرن.