بارانەکەی ئەمساڵ رەحمەت بوو بۆیان

گەرمیان 1400 تۆن برنج بەرهەم دەهێنێت

964+

ژێوار خدر

ئەمساڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، دوو هەزار و 500 دۆنم زەوی بە مەرەزە داچێنراوە و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 1400  تۆن برنجی لێ بەرهەم بێت.

ستار عەلی وتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بەهۆی ئەوەی رێژەی باران لە زستانی رابردوودا زۆر بوو، ئاستی ئاوی رووباری سیروانیش زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە جوتیارانی ناوچەکە بتوانن رێژەیەکی بەرفراوانی زەویەکانیان بە مەرەزە دابچێنن.

وتیشی “نزیکەی دوو هەزار و 500  دۆنم چێندراوە و پێشبینیش دەکەین ئەمساڵ بەرهەمی برنج لە سنوری ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە هەزار و 400  تۆن بێت”.

باسی لەوەشکرد ئەو رێژەیە بەراورد بەو ساڵانەی کە رێژەی بارانبارین کەمبووە، رێژەیەکی زۆرە.

وتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان روونیشیکردەوە، لە ئیدارەی گەرمیان 200 تاوەکو 300 جوتیار خەریکی بەرهەمهێنانی برنجن، ئەو برنجەشی کە بەرهەمی دەهێنن لە جۆری (نەگازە)یە.

سەبارەت بە کێشەی جوتیارانیش ستار عەلی رایگەیاند، بەشێک لە جوتیارەکان بەهۆی لافاوەوە چەند سەرچاوەیەکی ئاودێرییان خراپ بوو، بەڵام وەکو کێشە تاوەکو ئێستا هیچ جوتیارێک سکاڵای لای ئەوان نەکردووە.

لە ئیدارەی گەرمیان  بەگشتی سێ جۆری جیاواز برنج دەچێنرێن کە پێکهاتوون لە نەگازەی بازیان، نەگازەی کوردی و چەڵتوکی بەرازیلی، دوای پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەکرێت.