وێنەیەکی سەیر.. یاری بەرشەلۆنەو ریال مەدریدی میسر بەچۆڵی

+964

دیسکی کوردی

لەمیسر یاری لوتکەی خولی ئەو وڵاتە بە جەماوەرێکی ئێجگار کەمەوە بەڕێوەچوو، لەسۆشیال میدیا وێنەی یاریگاکە بووەتە بابەتێکی گەرم.

هەردوو یانەی ئەهلی و زەمالیکی میسری رۆژی شەممەی رابردوو رووبەرووی یەک بوونەوە، ئەهلی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە، ئەم دوو یانەیە رکابەری مێژوویی یەکترن و رووبەرووبوونەوەیان وەک کلاسیکۆی نێوان ریال مەدریدو بەرشەلۆنەی ئیسپانی وایە، ئەوەندە چاوی لەسەرە.

جگە لەگرنگی یارییەکە، ئەوەی ئەمڕۆ لەناو سۆشیال میدیای عەرەبی باسوخواسی دروستکردووە، وێنەیەکی ئاسمانی یاریگای قاهیرەیە کە سەرچاوە عەرەبییەکان دەڵێن چەند خولەکێک پێش دەستپێکردنی یارییەکەیە گیراوە.

لەوێنەکەدا دەردەکەوێت جەماوەرێکی ئێجگار کەم چووەتە یاریگا بۆ بینینی ئەو یارییە گرنگە.

رۆژی پێنجشەممە 19ی کانوونی دووەم یاریی کۆتایی کەنداوی 25 لەنێوان عێراق و عومان لەبەسرە بەڕێوەچوو، یاریگاکە لێوان لێو پڕبوو بوو، لەدەرەوەی یاریگاش بەهەزاران هاندەر کۆبوونەوەو دەرفەتی ئەوەیان نەبوو بچنە ناو یاریگاکە.