"هەرێم پاندە"
وەزیری دارایی كوردستان: هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ موچە دروست دەکەن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە بە تایبەت سەبارەت بە گەڕاندنەوەی داهاتەكان بە بەغدا، بەڵام “هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ موچە دروست دەکەن”.
ئاوات شێخ جەناب ئەمڕۆ دووشەممە 8.7.2024 لە پێشوازی کونسوڵی گشتیی کۆماری میللیی چین لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا “لێکتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەری کێشەی موچە هەیە و چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنییەکان کراوە، هەرچەندە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی موچە، بەڵام بە بیانوی وردبینیەوە هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ موچە دروست دەکەن”.
وەزارەتی دارایی وردەكاری دیدارەكەی وەزیری دارایی و كونسوڵی چینی لە پەیجی فەرمیی وەزارەت بڵاوكردووەتەوە، كە هەر لە بارەی دواكەوتنی موچە ئاوات شێخ جەناب دەڵێت، “بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێک وردبینی لە خەرجی و داهات بکرێت، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم و رادەستکردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و بەردەوامی بە بانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە”.
هەر لە دیدارەكەدا وەزیری دارایی سوپاسی کونسوڵخانەی چینی کردووە، کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا فەرمانبەرانی وەزارەتی داراییان بانگهێشتی پێنج خول و سیمیناری جیاواز لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتی چین کردبوو، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی ئەو وڵاتە، بە تایبەتیش لە بواری گومرگ و خاڵە سنوورییەکان.
ئەم قسانەی ئەمڕۆی وەزیری دارایی كوردستان لە كاتێكدایە، بەغدا تەنیا پارەی موچەی مانگی شەشی بۆ چەند چینێك لە موچەخۆرانی هەرێم ناردووە، وەك خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال و خاوەن پێداویستە تایبەتەكان، بەڵام بۆ فەرمانبەران و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان نەناردووە، تەنانەت هێزە ئەمنییەكان دوو مانگ زیاترە موچەیان وەرنەگرتووە.