وێستگەیەكی نوێ دەكرێتەوە

وەزارەتی کارەبا بۆ هاوڵاتیانی کەرکوک: کارەباتان زياد دەبێت

964+
کاروان ساڵحی- کەرکوک

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیانی کەرکوک زیاتر ببێت، بە مەرجێک کێشە بۆ وێستگە نوێیەکە دروست نەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 8.7.2024 بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق عادل کەریم لەگەڵ شاندێکی یاوەری سەردانی وێستگەی غازی دوبزیان کرد و بە شێوەیەکی کاتی کاریان بە وێستگە نوێیەکە کرد و بڕیارە ئەگەر کێشەی نەبێت، لە کۆتایی ئەم مانگەوە بە شێوەیەکی فەرمی بخرێتەکار و لە کۆی 340 مێگاوات، 190 مێگاوات بۆ شاری کەرکوک دەبێت.

بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق بە 964ـی وت، ئەم وێستگە نوێیە 340 مێگاوات کارەبا دابین دەکات دەبەسترێتەوە بە تۆڕی نیشتمانی و لەو ژمارەیە 190 مێگاواتی بۆ خزمەتی شاری کەرکوک دەبێت.

وتیشی، ئێستا بە شێوەیەكی تاقیکردنەوە بەکارخراوە و لە ژێر تاقیکردنەوەدا دەبێت، ئەگەر کێشەی بۆ دروست نەبێت، لە کۆتایی ئەم مانگە بە شێوەی فەرمی دەخرێتەکار.

بریكاری وەزیری كارەبای عێراق دەڵێت، لە نزیک ئەو وێستگەیەوە وێستگەیەکی دیکەش دروست دەكەین، بەڵام بۆ ئەمساڵ کۆتایی پێ نایەت و دەکەوێتە  هاوینی داهاتوو.

بە پێی سۆراغی 964 ئێستا شاری کەرکوک بە كارەبای تۆڕی نیشتمانی و پڕۆژەی وەبەرهێنەر ئەحمەد ئیسماعیل، بڕی 700 مێگاوات کارەبا بۆ دابینكراوە و بەمەش  رۆژانە نزیکەی 16 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان دەدرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی كارەبا دەڵێت دۆخی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە

وەزارەتی كارەبا دەڵێت دۆخی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە