داوایان لێ کردبوون

دەزگای مین 167 پارچە مین و تەقەمەنی لە بارەگایەکی ئاسایش گواستەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

ئاسایشی هەڵەبجە داوای لە دەزگای مین کرد، 167 پارچە مین و تەقەمەنی کە پاشماوەی جەنگ بوو بگوازێتەوە، دەزگای مین لە سلێمانی دەڵێت، “لە ئایندەدا بە رێگەی تەقینەوە لە ناویان دەبەن”.

تیمی تەقاندنەوەی دەزگاکە، سەردانی بارەگای ئاسایشی هەڵەبجەیان کرد، ئەوەش بە ئامادەیی بەشی دڵنیایی جۆری دەرەکیی، ژمارەیەک مین و پاشماوەی جەنگییان گواستەوە بۆ شوێنێکی پارێزراوتر.

موحسین عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتی مین لە سلێمانی بە 964ی وت، “سەرجەم پاشماوەکان، سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق لە ناوچەکە چێندراون، لەلایەن ئاسایشی هەڵەبجە و بە ئاگاداری تیمەکان لە ماوەی رابردوو لە پارێزگاکەدا کۆکرابوونەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەناویان دەبەن”.

پاشماوە جەنگییەکان بریتی بوون لە، حەوت کاتیۆشای “107 ملم”؛ یەک گولە تۆپی “155ملم”؛ دوو گولە تۆپی “130 ملم”؛ یەک گولە تۆپی “122 ملم”؛ دوو گولە تۆپی “105 ملم”؛ شەش گولە هاوەنی “120 ملم”؛ شەش گولە هاوەنی “100 ملم”.

هەروەها، بیست و دوو گولە هاوەنی “82 ملم”؛ بیست و چوار گولە هاوەنی “60 ملم”؛ شەش گولەی “SPG9″؛ شەش گولە فاس؛ دوو گولە “RBG”؛ پێنج نارنجۆکی دەستی؛ حەفتا و چوار فیوزی “PD”؛ هەشت مین لە جۆری “PROM1″؛ پێنج مین لە جۆری ڤاڵمارا.

دیمەنی پاشماوە و پارچە تەقەمەنی و مینەکان؛