800 خه‌زان و 1600 بیر كلۆرڕێژ ده‌كات

ئاوی ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر به‌ر له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشی كۆلێرا ده‌گرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى وه‌رزى گه‌رما، هه‌ڵمه‌تى رێگەگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى پەتای کۆلێرا له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر دەستیپێكردووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى ده‌وربه‌رى هه‌ولێریش ده‌ڵێت، چاویان زیاتر له‌ سه‌ر گوند و قه‌زا و ناحیه‌كانه‌.

رێزان سه‌عدی، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر به‌ 964ـى راگه‌یاند، چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌ستیان به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ كردووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت تائه‌وكاته‌ى وه‌رزى گه‌رما هه‌بێت.

وتیشی “له ‌رێگه‌ى به‌كارهێنانى كلۆر بۆ خه‌زان و بیره‌ئاوه‌كان رێگه‌ له‌و بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆلێره‌ ده‌گرین و ئه‌مه‌ش بۆ سه‌لامه‌تى ته‌واوى هاوڵاتیانى سنووره‌كه‌مانه‌”.

له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر 800 خه‌زانى ئاوى 21 هه‌زار موكه‌عه‌ب و نزیكه‌ى 1600 بیرى ئیرتیوازى ئاو هه‌یه‌، كه‌ ئاوى پاك بۆ هاوڵاتیانى گوند و ناحیه‌ و قه‌زا و ناوه‌ندى هه‌ولێر دابین ده‌كات.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان هه‌ر شه‌ش‌ مانگ جارێك خه‌زانه‌كانیان خاوێن ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام دابه‌شكردنى كلۆریش بۆ سه‌رچاوه‌كان زیاتر دڵنییاييان پێده‌دات كه‌ په‌تاكه‌ بڵاونابێته‌وه‌.

ئاوى ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر بەشێوەیەکی بەردەوام له‌رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شی تاقیگه‌كانیشیان له‌گه‌ڵه‌ چاودێری به‌رده‌وامى سه‌رچاوه‌كانى ئاوى پاك ده‌كه‌ن كه‌ ده‌درێته‌ هاوڵاتیان و جارجاره‌ تیمه‌ ته‌ندروستییه‌كان هاوكاریان ده‌كه‌ن له‌ ئه‌گه‌رى هه‌بوونى هه‌ر حاڵه‌تێكى پیسبوونى ئاو له‌ سنووره‌كه‌یاندا.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ى ئێستای ئاوى ده‌وربه‌رى هه‌ولێر، له‌رێگه‌ى هۆبەی کۆنتڕۆڵی جۆری ئه‌م بەڕێوەبەرایەتیه‌ کلۆری پاودەر و رێنمایی تایبەت بە شوشتن و تعقیمکردنی تانکی و حەوزەکان بۆ گشت بنکە و فەرمانگەکانی ئاو، جێبه‌جێ ده‌كرێت.