حکومەت وەڵامی راپۆرتەکە دەداتەوە؟

ئەمنستی: هەرێم شکستی هێناوە لە سزادانی ئەوانەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکەن

964+
ئەحمەد مستەفا

رێکخراوی ئەمنستی دەڵێت، “لە ماوەی دوو ساڵدا 70 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون و بەرپرسانی هەرێم شکستیان هێناوە لە سزادانی ئەوانەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکەن” لە کاتێکدا ئێستا پەناگەکانیان بێ پارەیە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، کە چاودێری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، تاوانەکانی جەنگ دەکات و داتایان دەکات ناسراوە بە (ئەمنستی)، ئەمڕۆ چوارشەممە 3.7.2024، راپۆرتێکی لە ژێر ناونیشانی، “شکستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە رزگاربووانی توندوتیژی خێزانی” بڵاوکردوەتەوە.

ئەمنستی: دۆخەکە ترسناکە

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، “دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان شکستیان هێناوە، لەوەی کە ئەنجامدەرانی توندوتیژی خێزانی، لەوانەش حاڵەتە دڵتەزێنەکانی کوشتن، دەستدرێژی، لێدان و سووتاندن، لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، هەروەها سنووردارکردنی ئارەزوومەندانە بەسەر ئازادیی ئەو کەسانەدا دەسەپێنن کە لە رزگاربووانن”.

سەرەڕای هەندێک هەنگاوی “یاسایی ئەرێنی”، بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی گیراوەتەبەر، بەڵام راپۆرتەکە، “دۆخەکە بە ترسناک لە قەڵەم دەدات”، ئاماژەی بەوەشکردووە، “نەبوونی ئیرادەی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ دادگایکردنی تاوانبارانی توندوتیژی خێزانی یان پێشکەشکردنی پشتیوانییەکی مانادار بەو ژن و کچانەی کە بۆ پاراستن روو لە دەوڵەت دەکەن دەبینێتەوە”.

“هەرێمی کوردستان یاسایەکی هەیە لە عێراق هاوتای نییە”

ئایا مەجزوب، جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەکەدا وتویەتی، “رزگاربووانی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان، لە هەموو وەرچەرخانێکدا شکست دەهێنن، کاتێک لە دۆخە ئازاربەخشەکان رزگاریان دەبێت، ئەو ژن و کچانە چەندین جاریتر رووبەڕووی بەربەستی ترسناک دەبنەوە، لە کاتێکدا رێگە بە تاوانباران دراوە بێ سزا بمێننەوە، لەم نێوەندەدا ئەو ژن و کچانەی رزگاریان بووە پەنا بۆ پەناگەیەک دەبەن، رووبەڕووی بارودۆخێکی هاوشێوەی زیندان دەبنەوە و ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە بۆ دۆخی دەستدرێژی ترسناک”.

رێکخراوەکە دەڵێت، “هەرێمی کوردستان یاسایەکی پێشکەوتنخوازانەی لەسەر توندوتیژی خێزانی دەرکردووە کە لە عێراقدا هاوتای نییە”، لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوەکانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەرکەوتووە کە لە ئێستادا، یاساکە رەنگێکە لەسەر کاغەز، لە راپۆرتەکەدا بانگەواز کراو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کە بەپەلە کۆتایی بەبێ سزای توندوتیژی خێزانی بهێنن.

حکومەت؛ ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوە دەکات

“لەوانەش دڵنیابوون لەوەی کە لێکۆڵینەوەکان لە توندوتیژی خێزانی کاریگەرن، دەسەڵاتداران دەبێت پرۆسەی ئاشتەوایی ئیجباری وەک مەرجی پێشوەختە بۆ رێوشوێنی تاوانکاری نەهێڵن، جگە لەوەش، حکومەتی هەرێم دەبێت بودجە بۆ ئەو دامەزراوانە زیاد بکات کە پاڵپشتی رزگاربووانی توندوتیژی خێزانی دەکەن، مەرجەکانی فەرمانی دادگا و سکاڵای تاوانکاری فەرمی بۆ دەستگەیشتن بە پەناگە لاببات، هەروەها بارودۆخی ژیان لە پەناگە باشتر بکات”.

لە بارەی داتا و زانیارییەکانی رێکخراوی ئەمنستی، 964 راپۆرتەکەی بە نامەیەک ئاڕاستەی دیندار زێباری، بەرپرسی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، ئەو، “ئامادە نەبووهیچ قسەیەک لەسەر راپۆرتەکە بکات”، بەڵام سۆراغی 964 ئەوەی دەرخست، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی دەکات لە هەفتەی ئایندە وەڵامی رێکخراوەکە بداتەوە.

راپۆرتەکە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ 57 کەس، لەوانەش 15 ژنە رزگاربووی توندوتیژی خێزانی و هەروەها بەڕێوەبەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان و پەناگەی ژنان، کرێکارانی رێکخراوە ناحکومییەکان، پارێزەران و بەرپرسانی حکومەت ئامادەکراوە.

لە کاتێکدا هیچ ئامارێکی گشتگیر سەبارەت بە توندوتیژی جێندەری لەبەردەستدا نییە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە، کە لانیکەم 30 ژن لە ساڵی 2023 و 44 ژن لە ساڵی 2022 کوژراون، هەروەها لە ساڵی 2022دا، سەنتەرەکانی توندوتیژی 15 هەزار و896 سکاڵای توندوتیژی خێزانیان وەرگرتووە.

ئەمنستی رەخنەی توندی هەیە لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری لە ...

ئەمنستی رەخنەی توندی هەیە لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێم