لەسەر رێگریکردن لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لەسەر رێگریکردنی لە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە یەکێک لە یارییەکانی جامی کەنداوی 25، پەرلەمانتارێک داوای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە پارێزگاری بەسڕە دەکات.

به‌پێی گرته‌ ڤیدیۆیه‌ك كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و دەست تۆڕی964 کەوتووە، ئەوە ده‌بینرێت كه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌كاتى به‌ڕێوه‌چوونى یارییه‌كى جامى كه‌نداو، رێگرى له‌ هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان ده‌كه‌ن،  پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراقيش داواى له‌ پارێزگاری بەسڕە کردووه‌، لێکۆڵینەوە له‌و بابه‌ته‌ بكات، چونكه‌ ده‌ڵێ “پێچه‌وانه‌ى ده‌ستووره‌”.

کاروان عەلی یاروەیس، په‌رله‌مانتارى كورد لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ ده‌ست تۆڕى964 كه‌وتووه‌، ده‌ڵێ “نامەیەکی رەسمیم ئاراستەی بەڕێز ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە کرد و داوامان لێکردوە لێکۆڵینەوە بکەن لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لە یاریگای بەسڕە، لەلایەن دوو کەسەوە  ئاڵای کورستان لە گەنجێکی کورد وەردەگرن و ناهێڵن هەڵیبکات.”

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وێنه‌یه‌كی ئه‌و نامه‌یه‌شی، بۆ هەمان مەبەست ئاراستەی ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارێزگاى بەسڕە کردووە و داواى له‌وانیش كردووه‌ “بێدەنگ نەبن”.

له‌و نامه‌یه‌دا هاتووه‌، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی کورد بۆ هاندانی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق ڕوویان لە بەسرە کرد و لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستانیش خەڵک ئاهەنگیان بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق گێڕا، به‌ڵام ده‌ڵێ “گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبۆتەوە کە تیایدا دوو کەس وا پێدەچن کارمەندی ئەمنی بن، ئاڵای کوردستان لە هاندەرێکی گەنج دەبەن و ڕێگری دەکەن لە هەڵکردنی”.

ئەو داوایەی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە ئەو کوڕەی کە رێگری لێکراوە لە روونکردەنەوەیەکدا کە وێنەی خۆیشی هاوپێچ کردووە، دەڵێ: ئەو کەسەی رێگری لێکردم، هەر خۆی هاتەوە لام و بردمی بۆ شوێنی ڤی ئای پی تاوەکو بە ئاڵای کوردستانەوە وێنە بگرم.

كاروان روونیده‌كاته‌وه‌، بەپێی دەستوور، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ئاڵای هەبێت و لە هەموو شوێنێک هەڵیبکات. ئەم ئاڵایەش دەیان هەزار شەهید و قوربانی بۆ دراوە و ساڵەها خەباتی ڕەوا بۆ پاراستنی دەکرێ.

داوا له‌ پارێزگارى به‌سڕه‌ ده‌كات “بەدواداچوون بکەن و ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ پاراستنی دەستور و خۆشەویستی بەسرە لای هاوڵاتیانی کورد”.