زانیاری نوێ لەسەر ''تەقینەوەكە''ی ناو کامپی پەنابەران

بەرپرسانی کامپەکە: ئەو غەسالەیەی تەقییەوە بە پیکابێک لە شەنگالەوە هاتووە

964+

زەید كۆچەر

دوو کاتژمێر تێدەپەڕێت بەسەر رووداوەکەی ناو کامپی خانکێ، بەڵام هێشتا زانیارییەکان تەمومژاوین و بە ئاسانی یەکلاناکرێنەوە، دواترینیان ئەوەیە دەڵێن ”غەسالەیەک تەقیوەتەوە، غەسالەکەش لە شنگالەوە هاتووە”.

پیرەدان جەعفەر بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران لە دهۆك بە 964ی وت ”غەسالەیەك (جلشۆر) لە ماڵی ژنێک لە کامپەکە تەقیوەتەوە، غەسالەکە بۆمبی تێدا بووە، ژنەکە گیانی لەدەستداوە و سێ منداڵیشی بە سووكی بریندار بوون”.

کامپی خانکێ لە لایەن کۆچ و کۆچبەرانی دهۆکەوە بەڕێوەدەبرێت، بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ دەڵێت ”بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستمان كەوتووە، ژنەكە دوێنێ دوای نیوەڕۆ بە پیكابێك كە شۆفێرەكەی پیاوێكی بەتەمەن بووە، غەسالەكەی لە شنگالەوە بۆ هاتووە و ئەمڕۆ نزیكی كاتژمێر 2:00 غەسالەكەی كار پێكردووە و تەقیوەتەوە”.

964 ئەم زانیارییانە وەک خۆی لە زاری بەرپرسەکەی کۆچەوە بڵاودەکاتەوە و لە وردیی زانیارییەکان دڵنیا نییە.

پەیامنێری 964 چووەتە لای کامپەکە و دەڵێت نە دەهێڵن میدیاکاران بچنە ژوورەوە و نە دەهێڵن هیچ کەس لە کامپەکە بێتە دەرەوە، هەتا بزانین چی روویداوە”.

کامپی خانکێ ئاوارەکانی شنگالی لێ دەژین، ئەوانەی ساڵی 2014 لەدەست داعش لە ناوچەکانی خۆیان هەڵهاتن و لەوێ مانەوە.

“هێڤی دێوالی، پەیامنێری 964 لە دهۆك لە ئامادەكردنی ئەم هەواڵە بەشداریی كردووە”

پێداچوونەوە: ژووری هەواڵ

ئاگر لە كەمپی خانكێ كەوتەوە و ژنێك گیانی لە دەست دا

ئاگر لە كەمپی خانكێ كەوتەوە و ژنێك گیانی لە دەست دا