لیژنەیەکى پەرلەمانی عێراق لە فڕۆکەخانەن

“هەڕەشەکانى تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەى سلێمانى هیچ بنەمایەکى نییە”

964+

دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى

لەسەر پرسى هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 2.7.2024، لیژنەیەکى گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی فڕۆکەخانەكەیان کرد و دڵنیاییان دا کە تورکیا و هیچ وڵاتێک ناتوانن مەترسى بخەنە سەر فڕۆکەخانەى مەدەنى.

کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـى وت، “ئەو بابەتەی رۆژنامە تورکییەکان باسی دەکەن هیچ بنەمایەکی نییە.

وتیشی، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆى لیژنەکە و بەرپرسانى فڕۆکەخانەکەدا، باس لەوەکراوە کە دەرگاى فڕۆکەخانەی سلێمانی کراوەیەوە بۆ هەر پشکنەرێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، کە بیانەوێت لێکۆڵینەوە بکەن.

لە بارەى هەڕەشەکانى تورکیاوە، ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى نوێنەران وتى، “ئێستا ئەوەندە ئامرازی پێشکەوتوو هەیە کە تورکیا و وڵاتان باش دەزانن ئەو قسانەیان هیچ بنەمایەکیان نییە”.

جەختیش دەکاتەوە، هەڕەشەکردن لە هەر فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی تاوانە و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لەبارەى هەڵگرتنى ئابڵوقەکانى سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى لەلایەن تورکیاوە، کاروان یاروەیسى وتى، “ئەوەی ئەمڕۆ هەنگاوێکە بۆ هەڵگرتنی ئابڵوقە لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و رێگریکردنە لەسەر هەر رووداوێکى نەخوازراو، کە بکرێتە سەر فڕۆکەخانەکە”.

لاى خۆیەوە هەندرێن هیوا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بە 964ـى وت، “لە ماوەی راگرتنی گەشتەکانی نێوان تورکیا و سلێمانی 35% گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەستاون”.

وەک ئاشکراى دەکات، لە ماوەى 14 مانگى وەستانى گەشتەکاندا، نزیکەى 10 ملیۆن دۆلار زیان بەر فڕۆکەخانەى سلیمانى گەیشتووە.

قەدەغەى گەشتەکانى تورکیا بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى تا 7.12.2024 درێژکراوەتەوە

رۆژى 3ـى نیسانى 2023، هێڵى فڕۆکەوانیى تورکیا، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى لە راگرتنى سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى هێڵى فڕۆکەوانیی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەکەی ئاگادار کردەوە، دواتریش حکومەتى تورکیا بڕیاری دا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات، کە بیەوێت لە تورکیاوە گەشت بۆ سلێمانی بکات.

سەرەتا بۆ ماوەى مانگێک گەشتەکان راگیران، بەڵام دواتر دوو جاریکى دیکە گەشتەکان درێژکرانەوە، لە جارى یەکەمدا بۆ 10ـى تەمموزى 2023 و  لە جارى دووەمیش بۆ 22.6.2024 قەدەغەکە درێژکراوەتەوە، لە سێیەم جاریشدا بۆ 7.12.2024 درێژکرایەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

قەدەغەى گەشتەکانى تورکیا بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى درێژکر...

قەدەغەى گەشتەکانى تورکیا بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى درێژکرایەوە