رووداوە جۆراوجۆرەكانی شەش مانگ
شەش ملیار و 825 ملیۆن دینار زیان بە دهۆک گەیشتووە
+964
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە شەش مانگی رابردوودا، هەزار و 291 رووداوی جۆراوجۆر ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای دهۆک روویانداوە، 10کەسیش لە رووداوەکانی سووتان و خنکان گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی ئەو ئامارانەی، کە لە بەرگریی شارستانیی دهۆک تۆمارکراون، لە 1.1.2024 تا 1.6.2024 واتە ئەم شەش مانگە هەزار و 291 رووداوی جۆراوجۆر تۆمارکراون، کە 451 رووداویان ئاگرکەوتنەوەن.
بەرگریی شارستانیی دهۆک 24 تیمی ئاگرکوژێنەوەی لە پارێزگای دهۆک لەو ناوچانەی کە گەنم و پووش و پەڵاش لێیە، جێگیر کردووە.
بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆك بە 964ـى وت، “زیانى ئەو رووداوانەى لە شەش مانگى رابردوودا تۆمارکراون بە شەش ملیار و 825 ملیۆن دینار خەمڵێنراون”.
دەشڵێت: لەم شەش مانگەدا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە، شەش کەسیان بەهۆی خنکان و چوارکەسەکەی تریش سووتاون.
ئاشکراشى دەکات، زۆربەی هۆکاری ئاگرەکانیش شۆرتی کارەبا بوون و 830 رووداویان ئاگرکەوتنەوەی پووش و پەڵاش بوون و 310 شوێنیش پابەندی رێنماییەکان نەبوون و سزادراون.
بێوار دەڵێت: لە دهۆک لەم شەش مانگەدا 10 حاڵەتی سووتان تۆمارکراون و 295 هاوڵاتیش لە رووداوەکاندا رزگار کراون.
پێداچوونەوە: سۆما حەکیم زادە