دوای چەند ساڵ؟

كورەی گەچ جارێكی دیكە لە كۆیە گڕدرایەوە و ئەڵمانییەكان هاوكارن

964+
گۆڤەند فەتاح – كۆیە

لە قەزای كۆیە جارێكی دیكە و دوای 27 ساڵ كار كورەی گەچ دەستیپێكردەوە، فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە بە هەماهەنگی رێکخراوێکی ئەڵمانی، یەکێک لە کورەکانیان دامەزراند و وەستایەکی کۆنی ئەو كارەشی دووبارە خستەوە سەرکار.

پێش 27 ساڵ لە کۆیە هەشت کورەی گەچ هەبوون، کە گەچەکەی بۆ مەبەستی بیناسازی و دروستکردنی خانوو بەکاردەهات، ئەمڕۆ دووشەممە 2024.7.1، جارێکی دیكه‌ یەکێک لەو کورانە دەستی بە کارەکانی کردەوە، کە بۆ نۆژەنکردنەوەی بینا کەلەپورییەکان بەکاردەهێندرێت.

هێمن نەعمان، ئەندامی پڕۆژەکەیە و فەرمانبەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیەیە، بە 964ی وت، ئامانجی پڕۆژەکە بۆ بەکارهێنانی ئەو گەچەیە بۆ مەبەستی نۆژەنکردنەوەی بینا کەلەپورییەکان، هەروەها دروستبوونی هەلی کارە بۆ ئەوانەی لێرە کار دەکەن تا بژێوی ژیانیان دابین بكەن.

وتیشی، ئەو گەچە جیاوازی زۆری لەگەل ئەو گەچەی کە لە گەچکاری ماڵان بەکاردێت هەیە، پتەوترە و ماوەیەکی زۆر بەرگە دەگرێت.

لە رابردوودا هەشت کورەی گەچ لە كۆیە هەبوون، بەڵام بە هۆی کەرەستەی نوێی بیناسازییەوە ئێستا بەرهەمی گەچ كەمتر بەكاردێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە ناڵپارێز 59 کورەى خەڵوز روخێنران

لە ناڵپارێز 59 کورەى خەڵوز روخێنران