ئەم گەرما تاقەتپڕوکێنەیە بۆ چەند رۆژی تر بەردەوام دەبێت
هەینى و شەممە دەیکوڵێنێت
مانگى شەش گەرمترین مانگى 30 ساڵى رابردووى سلێمانى بووە
964+
وریا فەتاح
گەرماى سبەینێ و دوو سبەى باشترە لەو گەرمایەى هەینى و شەممە دێت، لە سلێمانیش مانگى رابردوو گەرمترین مانگى 30 ساڵى رابردوو بووە.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەرى کەشناسى و بومەلەرزەزانى سلێمانى بە 964ـى وت،”بەپێی داتا تۆماركراوەكانی وێسگەی كەشناسی سلێمانی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا نزمترین پلەی گەرمی 21.5 ° و بەرزترین پلە 41.7 ° تۆمار كراوە، هەروەها تێكڕای پلەی گەرمی لەم مانگەدا 32.2 ° بووە كە بەراورد بە تێكڕای پلەی گەرمی 30 ساڵی رابوردوو ئەمساڵ 2.0 پلە گەرمتر بوو.
دەشڵێت، ئەو داتایە تەنیا بۆ تێکڕاى پلەى گەرمى مانگى رابردووى سلێمانییە.
لەبارەى رەوشى کەشوهەواى ئەمڕۆ و رۆژانى داهاتوو، ئاسۆ کەمال ئاشکراى کرد، سبەینێ و دووسبەى باشە، بەڵام هەینى و شەممە پلەکانى گەرما زیاتر بەرز دەبنەوە.
ئاشکراشى کرد، لە مانگى حەوتدا پلەکانى گەرما زۆر زیاتر بەرز دەبنەوە و چاوەڕێى گەرمایەکى بەهێز دەکرێت.