بۆ ئێران
هەینی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت
964+
ژووری هەواڵ
هەینی داهاتوو رۆژێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئێرانییەکان، چونکە ئیتر سەرۆکی داهاتووی ئەو وڵاتە یەکلایی دەبێتەوە، دوای ئەوەی هیچ یەکێک لە کاندیدەکان دەنگی پێویستیان نەهێنا، مەسعود پزیشکیان و سەعید جەلیلی مانەوە بۆ گەڕی دووەمی دەنگدان.
محەمەد باقر قالیباف کاندیدی نەریتخوازەکانی ئێران رایگەیاند لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە پشتگیری سەعید جەلیلی دەکات و داوایکرد خەڵک دەنگی پێبدەن، قالیباف 13.8%ی دەنگەکانی ئەو هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە.
د. ئازاد محەمەدیان کە مامۆستای زانکۆو شرۆڤەکارێکی سیاسی کوردە دەڵێت: ئەگەر مەسعود پزیشکیان بتوانێت دەنگدەرە تۆراوەکانی ئێران ئاشت بکاتەوە، ئەوا دەرفەتی زۆرە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئێران و گەڕی دووەم بباتەوە.
رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئێران 40% بوو، ئەمەش کەمترین رێژەیە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، حسێن رەزاق کە گیراوێکی سیاسی پێشووە لە سەر تۆڕی ئێکس نوسیوەتی: براوەی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەو کەسانە بوو کە بایکۆتیان کردووە.
هەپەگە رایگەیاند: لە نێوان 6 تا 25ـی حوزەیران بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان 16 چالاکییان لە دژی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی زاپ ئەنجامداوە و بە هۆیەوە شەش سەرباز کوژراون،لە دیمەنەکاندا کە میدیای پەکەکە بڵاویکردووەتەوە، دەردەکەون ئامانجی فڕۆکەکان ئاڕاستەی سەرباز و جێگاکانی مانەوەیانە.
بەرپرسانی کەرتی تەندروستی لە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان دەڵێن: نەخۆشخانەی سەرەکی قامیشلۆ کە کەوتووتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بە تەواوی فەرامۆش کراوەو هیچ پێداویستییەکی پزیشکی تێدا دەست ناکەوێت.