هۆکار چییە؟

کاڵەکی پێنجوێن خێری لە خۆی نەبینی؛ چەکەرە دەکا و دەمرێ

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

بەهۆی دواکەوتن لە وادەی دانانی تۆوی کاڵەک، ئەمساڵ جوتیارانی پێنجوێن  زیاتر لە جارێک تۆوی کاڵەکیان دانایەوە و بەشێکی تۆوەکەشیان فەوتا و تووشی “چەکەرە مردن” بوو.

“چەکەرە مردن”، مەبەست لێی سووتان و وشکبوونی بەرهەمە لەدوای تەقینی و دەرهاتنی لە ناوکەکە، ئەوەش بەهۆی کەڕوو یاخود گەرماوە تووسی دەبێت.

پشتیوان فایەق، جوتیارێکە لە قەزای پێنجوێن کە ئەمساڵ کاڵەکی کردووە بە 964ی وت، “سەرەتا 10کیسە کاڵەک (هەر کیسەیەک هەزار تۆوی تێدایە) لە زەوییەکەیدا چاندوویەتی، بەڵام زیاتر لە سێ کیسەی نەڕواوە و دواتر سێ کیسەی دیکەی بۆ هێناوە و جارێکی دکە دایناوەتەوە، بەڵام زیاتر لە دوو کیسەی نەڕواوە”.

باسی لەوەشکرد، “ئەو جوتیارانەی کە ئەمساڵ کاڵەکیان بە ناوک کردووە لە بری شەتڵ توشی ئەو حاڵەتە بوون و هەموو ئەو جوتیارانەی کاڵەکیان کردووە بە ناوک دەبێت ئەمساڵ دووجار دایبنێن، ئەوەش بەهۆی توشبوونیان بە (چەکەرە مردن)”.

ئەمڕۆ شەممە 29.6.2024،ئاسۆ فەتاح ئەندازیاری کشتوکاڵی لەسەر بابەتەکە بە 964ی وت، “ئەمساڵ بارانبارین وەرزی کشتوکاڵی دواخست، ئەوەش وایکرد تۆوی کاڵەک درەنگ دابندرێت، لەبەر ئەوە توشی چەکەرە مردن بووە”.

باسی لەوەشکرد، “لە ئێستادا تۆوی کاڵەک کە زۆر ناسکە بەرگەی ئەو پلە گەرمای بەرزە ناگرێت و لەکاتی تەقینی تۆوەکەدا دەسوتێت”، وتیشی، “هۆکارێکی دیکە توشبوونی بە چەکەرە مردن، بوونی کەڕووە کە لە ئێستادا تەڕی کێڵگەکان و بەرزی پلەی گەرما بوونەتە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەسەندنی کەڕوو کە قەدەکان باریک دەکاتەوە تا وشک دەبێت”.

بە بڕوای ئەو ئەندازیارە،  “لە دوای 1 حوزەیرانی هەموو ساڵێکەوە نابێت، نایلۆن بۆ زەوی کشتوکاڵی رابخرێت، چونکە زیانی زیاترە، بەڵام ئەگەر راخرا دەبێت چەند کونێک بکرێتە نزیک تۆوەکان تاوەکوو هەوا بۆ تۆوەکان بڕوات و بتوانن گەشە بکەن”.

سەبارەت بە چارەسەری کێشەکە، ئەو ئەندازیارە باسی لەوەکرد، “دەبێت لەگەڵ یەکەمین ئاودان، دەرمانی تایبەت بە نەهێشتنی کەڕوو بۆ تۆوەکان دابنرت”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا