ماڵی کولتووريی بۆ کرایەوە
جەلال بەیار گەڕایەوە گەڕەکی عارەبانی هەولێر
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
له ههولێر ماڵی كولتووریی هونەرمەندی كۆچكردوو جەلال بەیار كرایەوە و براكەشی دەڵێت بەپێی پێویست رێزی لێگیراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.6.2024 لە 12 ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەندی شانۆ و دراما جەلال بەیار، لە گەڕەکی عەرەبانی هەولێر لە شوێنی لەدایکبوونی، ماڵی کولتووریی جەلال بەیار كرایەوە، کە سەدان لە وێنە و ئەرشیف و پێداویستییەکانی هونەرمەندی تێدا كۆكراوەتەوە.
جەمال دیلان، برای هونەرمەند جەلال بەیار بۆ 964 وتی، ئامانج لە کردنەوەی ئەو شوێنە زیندووهێشتنەوەی یادگارییەکانی جەلال بەیارە لە هەولێر، كە هەموو ژیانی خۆی پێشكەشی هونەر و شانۆ و دراما كرد و هەولێری زۆر خۆشدەویست.
هونەرمەندی کۆچکردوو جەلال بەیار ساڵی 1947 لە گەڕەکی عەرەبان لە هەولێر لەدایکبووە، وەک ئەکتەر و شانۆکار بەشداری لە دەیان بەرهەمی شانۆیی و زنجیرە دراما كردووە، لە دەگمەنترین ئەو هونەرمەندانەی هەولێر بوو كە لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردوو رۆڵی ژنی بینیوە، لە دیارترین كارەكانیشی كە بەشداریی تێدا كردووە چیرۆكی تەمسیلییەكانی “تاپۆ حەقی چییە، محەمەد و سێوێ، قەڵای دمدم” و دەیان كاری دیكە.
بەیار لە 27.6.2012 بە نەخۆشی هەر لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا