قایمقام لەگەڵیان کۆدەبێتەوە
بەهۆی قەرزەوە مۆلیدەکانی قەرەداغ “پارەی گازیان” پێ نەماوە
964+
ئەحمەد مستەفا
نزیکەی 50 ماڵ لە قەرەداغ کرێی ئەمپێری مۆلیدەی گەڕەکیان نەداوە، لیژنەی مۆلیدە داوای پارەکە دەکەن و دەڵێن، “پارەی گازمان پێ نییە”، قایمقام بە 964ی وت، “لەگەڵیان کۆدەبێتەوە”.
قەرەداغ دوو مۆلیدەی ئەهلی هەیە، قەزاکە کە بە دووری نزیكەی 45 كیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای سلێمانی،زیاتر لە 10 هەزار و 900 کەس ژمارەی دانیشتووانەکەیەتی و هاوبەشی کارەبا مۆلیدەن.
ئەگەر بە گریمانەیی، هەر ماڵێک دوو ئەمپێری هەبێت، وە بڕی 13 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک هەژماربکرێ، ئەوە ئەو ماڵانە یەک ملیۆن و 300 هەزار دینار قەرزداری خاوەن مۆلیدەکانن بۆ کرێی یەک مانگ.
ئەم پاش نیوەڕۆیە، مۆلیدەکانی قەرەداغ، لە بڵاوکراوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست 964 کەوتووە دەڵێن، “ئاگاداری كۆی ئهو ماڵه بهڕێزانه دهكهین كه نزیكهی 50 ماڵ دهبن، تاوەكو ئێستا پارهی مانگانهی كرێی كارهبای مۆلیدهیان نهداوا پارهی مانگانهی كارهبای مۆلیدهكهمان بۆ بهێنن”.
ئەوان داواکارییەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، بەو پارەی لەلای خاوەن ماڵەکانە گاز دەکڕن، نوسیوویانە، “گهرنا بێ بهش دهكرێن له كارهبای مۆلیده و هێڵی كارهبای مۆلیدهكهمان دهبڕین و لهڕێگهی یاساوه مافی وهرگرتنی مانگانهی كارهبای مۆلیدهیان لێ وهردهگرینەوە”.
لە بارەی کێشەی ئەو خاوەن مۆلیدانە و پێدانی کرێی کارەباکەیان، ئەمڕۆ چوارشەممە 26.6.2024، رەئوف کەمال قایمقامی قەرەداغ بە 964ی وت، “هۆکاری سەرەکی نەدانی کرێی مانگانە بێ مووچەیی و دواکەوتنیەتی، ئەوە تا رادەیەک بۆ دۆخی ئێستا ئاساییە و تەنیا لە قەرەداغ ئەو گرفتە بوونی نیە”.
ئەو وتی، “سبەی هەوڵدەدات لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەکان و خاوەنەکانیان کۆببێتەوە، ئەوەی بسلەمێ خێزانێکی هەژارن و نەیانتوانیوە کرێی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە بدەن، وەک قایمقامیەت کرێکەیان بۆ دەدەن، ئەگەرنا تێگەشتنێکی هاوبەش دروستدەکەین لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت”.
کرێی یەک ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لەنێوان شەش هەزار دینار بۆ 13 هەزار دینار و بەپێی ماوەی پێدانی کارەبا دەگۆڕدرێت، بەگوێرەی سۆراغی 964، زۆرینەی ئەوانەی کرێی کارەبایان ئاڕاستەی خاوەن مۆلیدەکان نەکردووە، قەرزداری کرێی مانگی ئایاری ئەمساڵن.