21 رۆژە تەرمى کچە 14 ساڵەکە نەدۆزراوەتەوە

تەرمى گەشتیارە هەڵدێراوەکەى پرژێ لە یەکەم رۆژى جەژنەوە لە پزیشکى دادییە

964+

وریا فەتاح

لە یەکەم رۆژى جەژنى قوربان، گەشتیارێک بەهۆى هەڵدێرانەوە لە ناوچەى گەشتیار پرژێ کەوتووەتە خوارەوە و گیانى لەدەستدا، بەڵام وا نۆ رۆژ تێدەپەڕێت تەرمەکەى لە پزیشکى دادییە و کەس نایەت بەلایەوە، 21 رۆژیش تێپەڕیوە تەرمى ئەو کچە مێردمنداڵە نەدۆزراوەتەوە کە  لە ناوچەی گەشتیاری ئینێ لە چۆمان خنکاوە.

کاروان میراودەلى، بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى سۆران بە 964ـى وت،”لە یەکەم رۆژى جەژنەوە تەرمى ئەو گەشتیارەى لە پرژێ کەوتە خوارەوە لە پزیشکى دادى سۆرانە، بەڵام تائێستا کەسوکارى دیارنییە و نازانرێت کێیە”.

هاوڵاتیەک لە شاخ هەڵدێرا و گیانی لەدەستدا

هاوڵاتیەک لە شاخ هەڵدێرا و گیانی لەدەستدا

هەرچەند پێنج کەس لە رانیە و سلێمانى و ئاکرێ و چەند شوێنێکى ترەوە پەیوەندیان بە بەرگرى شارستانى سۆرانەوە کردووە کە ئەوانیش کەسوکاریان بێ سۆراغە، بەڵام وەک ئەوەى کاروان میراودەلى باسى دەکات، دواى پیشاندانى وێنەى ئەو کەسە، دەرکەوتووە کە کەسوکارى ئەو کەسانە نییە کە پەیوەندیان کردووە.

بەرگرى شارستانى سۆران ئەوەى لەبارەى ناسنامەى ئەو کەسەوە دەیزانێت ئەوەیە، ئەو شۆفێرەى گەشتیارەکەى بردووەتە پرژێ لێى پرسییوە خەڵکى کوێیت، گەشتیارەکە وتوویەتى سوریم و دەچم بۆلاى هەندێ هاوڕێم کە بۆ گەشت لە پرژێن، کاروان میراو دەلى ئەوەى بۆ 964 گێڕایەوە.

گەشتیارەکە نە ناسنامەى پێیە و نە مۆبایل، بەڵام وەک ئەوەى کاروان میراودەلى باسى دەکات، تا یەک مانگ تەرمى کەسەکە لە پزیشکى دادى دەمێنێتەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا کەسوکارى پەیدا نەبوو، وێنە و جل و بەرگەکانى هەڵدەگیرێن و بە خاکى دەسپێرن.

کچە مێردمنداڵە 14 ساڵەکە نەدۆزراوەتەوە

رۆژى 6.6.2024، خێزانێک لە کەرکوکەوە گەشت بۆ گوندى ئێنێ لە سنووری چۆمان دەکەن، بەڵام لە کاتژمێر 6:00ـى بەیانی کچێکی 14 ساڵ کە ناکامە ون دەبێت.

ئەوەى ئەو رۆژە دەیدۆزنەوە تەنیا پێڵاوەکانییەتى لە لێوارى رووبارەکە، جگە لەوە هیچ نیشانەیەکى دیکە نابینرێت.

21 رۆژ تێپەڕیوە، لەو رۆژەوە تیمەکانى بەرگری شارستانی بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام هیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە.

بە وتەى کاروان میراودەلى ئەگەرەکان هەر ئەوەیە کە کچەکە خنکاوە، بەڵام سەرەڕاى ئەوەى هەموو رۆژێک تیمەکانیان بەدوایدا دەگەڕێن، تائێستا نەدۆزراوەتەوە.

وەک باسى دەکات، خێزانەکە گەڕاونەتەوە بۆ کەرکوک، بەڵام تیمەکانیان بەردەوامن لە گەڕان هەموو رۆژێک.

ئەوان بڕیاریانداوە تا ماوەى مانگێک هەموو رۆژێک لە رێگەى دوو تیمەوە سۆراغ بکەن بۆ دۆزینەوەى، بەڵام وەک ئەوەى کاروان میراودەلى باسى دەکات، ئەگەر دواى مانگێک نەدۆزرایەوە هەفتانە دوو رۆژ بەدوایدا دەگەڕێن و ئەگەریش دواى دوو مانگ نەدۆزرایەوە، دۆسیەکە دادەخرێت.