هەولێر یەکەمە
964 ئامارى گەشتیاران بۆ جەژنى قوربان ئاشکرا دەکات
964+
وریا فەتاح
348 هەزار و 331 گەشتیار بۆ پشووەکانى جەژنى قوربان روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە و پارێزگاى هەولێریش پلەى یەکەمى گرتووە، هەر گەشتیارێکیش 250 بۆ 300 دۆلارى خەرج کردووە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم بە 964 ئاشکراى کرد، لە رۆژانى پشووى جەژنى قوربان، 348 هەزار 331 گەشتیار سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە.
وتیشى،”هەرچەندە تائێستا ژمارەى کۆتایى بەردەست نییە، بەڵام زۆرترین گەشتیار رووى لە پارێزگاى هەولێر کردووە، لە پلەى دووەمیش پارێزگاى سلێمانى دێت و پارێزگاى دهۆکیش پلەى سێیەمى گرتووە”.
لەبارەى ئەوەى هەر گەشتیارێک چەندى خەرج کردووە، ئیبراهیم عەبدولمەجید باسى لەوەکرد، هیچ ئامارێکى دروست لەبەردەستمان نییە، چونکە سیستمى بانکى لاوازە، بەڵام بەپێی ئەوەی زۆرینەی گەشتیارەکانی هەرێمی کوردستان هی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، بەپێى ئەو راپرسیانەى لە پێشووتردا کردوومانە وا مەزەندە دەکرێت هەریەکەیان لەنێوان 250 بۆ 300 دۆلاریان خەرج کردبێت
لەبارەى گەشتیارانى ناوخۆى هەرێمى کوردستانیشەوە، وتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم رایگەیاند: زیاتر لە 250 هەزار سەردانیکارى ناوخۆیى لە ناوچە گەشتیارییەکان تۆمارکراون، واتا ئەو هاوڵاتیانەى دانیشتووى هەرێمى کوردستانن گەشتى ناوچە گەشتیارەکانیان کردووە.
بەپێى ئامارەکان، هاتنى گەشتیاران لە جەژنى قوربانى ئەمساڵ بەراورد بە جەژنى قوربانى پار زیادى کردووە، چونکە لە ساڵى رابردوو 300 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمى کوردستان کردبوو.