تیمەکانى هۆبەى چاکسازى کارەباى رزگارى لە سنوورى گەرمیان... وێنە: کارەباى گەرمیان
لە هاویندا پێیان دەدرێت
گەرمیان چاوى لە 20 مێگاواتەکەیە
وریا فەتاح
ساڵانە لەگەڵ هاتنى وەرزى گەرما، بە لەبەرچاوگرتنى بەرزى پلەکانى گەرما لە گەرمیان، وەزارەتى کارەبا 20 مێگاوات بۆ کارەباى گەرمیان زیاد دەکات، بەڵام ئەمساڵ تائیستا وەزارەتەکە دەنگى نییە و رەزامەندى نەداوە.
ئالان ئەرکان، وتەبێژى کارەباى گەرمیان بە 964ـى وت،”نوسراومان کردووە و داواى 15 بۆ 20 مێگاواتمان کردووە کە بۆ وەرزى گەرما بدرێت بە گەرمیان، بەڵام تائێستا وەزارەتى کارەبا رەزامەندى نەداوە”.
بەشە کارەباى سنوورى ئیدارەى گەرمیان 4.7%ـى کارەباى نیشتمانى هەرێمى کوردستانە کە دەکاتە 120 مێگاوات، ئەو 15 بۆ 20 مێگاواتە کە لە هاویندا وەک تایبەتمەندى گەرمى گەرمیان پێیان دەدرێت، ساڵانە لە 1 بۆ 15ـى 6 ئەو بڕە بۆسەر کارەباى گەرمیان زیاد دەکرێت.
تەنیا گەرمیان ئەو تایبەتمەندییەى نییە، لە وەرزى زستانیشدا پێنجوێن و چەند ناوچەیەکى دیکەش دۆخى کەشوهەوا ساردەکەیان لەبەرچاو دەگیرێت و مێگاواتیان بۆ زیاد دەکرێت.
بە وتەى ئالان ئەرکان، زیاترکردنى ئەو بڕە لە مێگاوات تا 1ـى مانگى نۆیە و دواتر ئەو بڕە کارەبایە وەردەگیرێتەوە، بەڵام ئێستا کە گەرمیان پلەى گەرمى گەیشتووە بە 48 پلەى سیلیزى ئەو بڕە کارەبایەى داوایان کردووە بۆیان زیاد نەکراوە.
ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 82 هەزار و 500 هاوبەشی کارەبای هەیە