بە بڕیاری قایمقام
جارێكی دیكە كۆیە رێگەی بۆ بارهەڵگرەكان كردەوە
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆی یەکشەممە 2024.6.23، بە بڕیاری قایمقامی قەزای کۆیە، رێگەی بارهەڵگرەکان قەدەغەکرا و بازگەی تۆپزاوەیان چۆڵ کرد، بەڵام بڕیارەکە زۆری نەبرد، بارهەڵگرەکان هاتنەوە رێگەی کۆیە و هاتوچۆیان ئاسایی بووەوە.
سەرچاوەیەک لە بازگەی تۆپزاوا بە 964ی وت، هۆکاری گەڕانەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە کاتی رۆیشتنیان بۆ یەکێک لە بازگەکانی هەولێر، رێگرییان لێکراوە و نەیانهێشتووە تێبپەڕن، بۆیە گەڕاونەتەوە کۆیە و ئێستا رێگە هەیە بڕۆن و هاتوچۆ ئاسایی بووەتەوە.
عەتا کەریم، یەکێک لە شۆفێری بارهەڵگرەکان، بە 964ی وت، ئێمە دوای نیوەڕۆ بازگەی تۆپزاوامان جیهێشت و رۆیشتین، بەڵام لە بازگەی شەقڵاوە رێگرییمان لێکرا و نەیانهێشت بڕۆین، پێیان وتین بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون.
بڕیارەکەی قایمقامی کۆیە، دوای ئەوە دێت، کە هاوڵاتییان و چالاکوانانی کۆیە، ناڕەزاییان دەربڕیبوو لەو رێژە زۆرەی بارهەڵگرەکان و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتییانی شارەکە، بەڵام بڕیارەکە دوای چەند کاتژمێرێک هەڵوەشایەوە و هاتوچۆی بارهەڵگرەکان ئاسایی بووەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا