چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندێک لە کەرکوک

964+

کاروان ساڵح

کاتژمێر 19:00 چوار چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی شەریفیە لە ناحیەی ریازی سەر بە کەرکوک، ویستویانە دوو گەنج بڕفێنن، بەڵام خەڵکی گوندەکە لێیان هاتوونەتە دەست و یەکێکیان لێ کوشتوون، سیانەکەی دیکە هەڵهاتوون.

لە ماوەی رابردووشدا، چەندین جار ئەم حاڵەتانە روویانداوە، خەڵکی گوندەکان و لاوە شوانکارەکان لە لایەن چەکداری نەناسراو رفێندراون، کە دواتر پۆلیس رفێنەرەکانی وەکو ئەندامی رێکخراوی داعش ناساندووە.

محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی ریاز لە پارێزگای کەرکوک بە تۆڕی 964ی وت “چوار چەکداری داعش چوونەتە سەر ماڵی موختاری گوندی شەریفیە بە ناوی حسێن عەلی، هەوڵیانداوە کوڕێکی ئەو و گەنجێکی دیکەی گوندەکە بڕفێنن”.

بە قسەی ئەو بەڕێوەبەری ناحیەیە، خەڵکی گوندەکە پێیانزانیون و لێیان هاتوونەتە دەست، تەقەیان لێکردوون، لە ئەنجامدا چەکدارێکیان کوژراوە و دوو گەنجەکەشیان ئازادکردووە.

تۆڕی 964 دەزانێت، لە ئێستادا پۆلیسی ناوچەکە دەستیکردووە بە کێوماڵ، بەدوای سێ چەکدارە هەڵهاتووەکە دەگەڕێت.