"دواى جه‌ژنیش هه‌روا ده‌بێت"

هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک پڕن لە گەشتیار

964+
هیڤی دێوالی – دهۆک

بۆ ئەم جەژنە هۆتێل و مۆتێلەکانى پارێزگای دهۆک پڕى گه‌شتیار بوونه‌ و کومەڵەی هۆتێله‌كانیش دەلێت، زیاتر لە 15 هەزار گەشتیار لە هۆتێل و مۆتێلەکاندان.
لە سنووری پارێزگای دهۆك، زیاتر لە 215 هۆتێل و مۆتێل و 500 شوێنی گەشتیاری هەن، زۆرترین ئه‌و شوێنه‌ گەشتیاریانه‌ش دەکەونە سنووری قەزای ئامێدی.
ئەمڕۆ سێشەممە،2024.6.18، باوەر پاسی یاریدەدەری سەرۆکی کومەڵەی هۆتێل و مۆتێلی پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە هۆتێل و مۆتێلەکان لە پارێزگای دهۆک دەمێننەوە لەچاو جەژنی رابردوو زیادی کردووه‌.
وتیشی “زیاتر لە 95%ی سەرجەم هۆتێل و مۆتێلەکان پڕن لە گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى زیاتر لە 15 هەزار گەشتیارا لە هۆتیل و مۆتێله‌كان دان، به‌ڵام دەتوانن گەشتیارێکی زیاتر وەربگرن.
باسی له‌وه‌ش ده‌كات، لەم جەژنەدا هەموو هێزە ئەمنییەکانیان لە بازگەکان ئاسانکاریی بۆ هاتنە ناوەوەی گەشتیاران کردووە، پێشبینیش ده‌كات دوای جەژن گەشتیارێکی زیاتر بێنە پارێزگای دهۆک.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری دهۆک، لە ساڵی 2023ەوە لە ماوەی چوار رۆژ لە جەژنی قوربان زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردبوو.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هۆتێل و مۆتێلەکانى دهۆک بۆ جەژن گیراون

هۆتێل و مۆتێلەکانى دهۆک بۆ جەژن گیراون