ئەمڕۆش هیچی نوێ دەرنەکەوت

هەتا 19 رۆژی دیکە گەڕان بۆ کچە 14 ساڵەکە بەردەوام دەبێت

964+

ژووری هەواڵ

بە ئەمڕۆوە رێک 11 رۆژی تەواوە تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران بۆ کچە 14 ساڵەکە دەگەڕێن، بەڵام هیچیان دەستگیرۆ نابێت و گومانی هەرە بەهێز ئەوەیە خنکابێت.

کەمێک پێش ئێستا پەیجی بەرگری شارستانی سۆران لەسەر فەیسبووک چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە کارمەندەکانیان لەلای رووبارێکی بەخووڕەوە وەستاون و لەگەڵیدا نوسیویانە ”ئەمڕۆ یازدەمین رۆژی گەڕان و پشکنینی تیمەکانمان بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی مریەم ئیسماعیل خەلیلی تەمەن 14 ساڵ کە لەگەڵ خانەوادەکەی بەمەبەستی گەشت رویان لە قەزای چۆمان, گەشتیاری ئێنێ کردبوو”.

رۆژی 07.06.2024 خێزانێک لە کەرکوکەوە گەشتیان کردبوو بۆ گوندى ئێنێ لە سنووری چۆمان، بەڵام لە کاتژمێر 6:00ـى بەیانی کچێکی 14 ساڵ کە ناکامە ون بوو بوو، ئەوەی دۆزیویانەتەوە تەنیا پێڵاوەکانییەتى لە لێوارى رووبارەکە، جگە لەوە هیچ نیشانەیەکى دیکە نەبیندراوە.

لەو رۆژەوە تیمەکانى بەرگری شارستانی بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام هیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە.

کاروان میراودەلی، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی سۆران، بە 964ـی وت،”تاکو ئێستا رۆژانە بە دوو تیم بەرگری شارستانی خەریکی گەڕانە بۆ زانینی چارەنوسی ئەو مێردمنداڵە، گومانی زۆریشمان بۆ ئەوەیە خنکابێت”.

ئەوان بڕیاریانداوە تا ماوەى مانگێک هەموو رۆژێک لە رێگەى دوو تیمەوە سۆراغ بکەن بۆ دۆزینەوەى، بەڵام وەک ئەوەى کاروان میراودەلى باسى دەکات، ئەگەر دواى مانگێک نەدۆزرایەوە هەفتانە دوو رۆژ بەدوایدا دەگەڕێن.

ئەمڕۆ سێ رۆژە گەڕان بەدوای چارەنوسی مێردمنداڵەکەی چۆم...

ئەمڕۆ سێ رۆژە گەڕان بەدوای چارەنوسی مێردمنداڵەکەی چۆمان بەردەوامە