نۆ رێنمایی بۆ قوربانیکردن
وەزارەتی تەندروستی: بۆ دابەشکردنی گۆشتی خێر نایلۆنی روون و نوێ بەکاربهێنن
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم نۆ رێنمایی لەبارەی قوربانیکردن بڵاوکردووەتەوە و داوا دەکات قەساب و هاوڵاتیان لە رۆژانی جەژندا پەیڕەویان بکەن.
لە رێنماییەکاندا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.6.2024 بڵاوکراوەتەوە، ئەوە هاتووە کە پێویستە ئاژەڵەكان لە سەربڕخانەی فەرمی سەر ببڕدرێن و رێنماییەكانی خۆپارێزی و پاك و خاوێنڕاگرتنی سەربڕخانەكان و دەوروبەری سەربڕخانەكان، پەیڕەو بکرێت.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم داواش دەکات، كیسی (نایلۆن)ی نوێ و روون و بێڕەنگ لە كاتی دابەشكردنی گۆشت بەکاربهێنرێت و لە كاتی گواستنەوەی گۆشت رەچاوی پلەی گەرمیی گونجاو بكرێت.
دەقی رێنماییەکان:
1 – پێویستە ئاژەڵەكان لە سەربڕخانەی فەرمی سەر ببڕدرێن.
2 – پەیڕەوكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی و پاك و خاوێنڕاگرتنی سەربڕخانەكان و دەوروبەری سەربڕخانەكان؛ رشاندنیان بە دەرمانی تایبەت.
3 – پێویستە ئاژەڵەکان ساغ بن و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییان نەبێت و گەنە (قڕنە) و مشەخۆری دەرەکی لەسەر نەبێت.
4 – پێویستە لەسەر خاوەنئاژەڵ، پێش فرۆشتنی ئاژەڵەكانی (بۆ سەربڕین یان قوربانیكردن) بە ماوەی نزیكەی سێ هەفتە هیچ جۆرە دەرمانێكی نەدابێت بە ئاژەڵەكان و هۆڵی بەخێوكردنی
ئاژەڵەكان بە دەرمانی تایبەت بڕشێنێت و چارەسەری ئاژەڵە نەخۆشەكانی بكات.
5 – پێویسە لەسەر قوربانیكەر (قەساب و هاوڵاتی) بە گرتنەبەری گشت رێكارەكانی خۆپارێزی و پاكوخاوێنی لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ و گۆشت ئامادەكردن، بە تایبەتی بەكارهێنانی دەستكێش و جزمە و جلی تایبەت و دووركەوتنەوە لە كۆبوونەوە لە دەوروبەری ئاژەڵ لە كاتی سەربڕین، هەروەها شوشتن و تەعقیمكردنی شوێنی سەربڕین، دەست و كەلوپەلەكان دوای بەكارهێنان و دەستدان لە گۆشت.
6 – بەكارهێنانی كیسی (نایلۆن)ی نوێ و روون و بێڕەنگ لە كاتی دابەشكردنی گۆشت.
7 – لە كاتی گواستنەوەی گۆشت رەچاوی پلەی گەرمیی گونجاو بكرێت.
8 – هەڵگرتنی گۆشت بۆ ماوەی 12-24 كاتژمێر لە ساردكەرەوە، پاشان بەكار بهێنرێت.
9 – فڕێنەدانی پاشماوەی سەربڕین و ئاژەڵ لە سەرشەقام و كۆڵان و بازاڕەکان.