حاسڵاتی کوردستان

مەزارگەی مەنانی ئێزدییەکان بە تەواوی تێکدرا

+964

ژووری هەواڵ

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت لە ماوەی 6 هەتا 12ی ئەم مانگە چەندین چالاکی جۆراوجۆریان دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە، هەر لە لێدان لە سەنگەر و کوشتنی سەربازانەوە تا دەگاتە تێکشکاندنی درۆن و کامێرای چاودێری.

درەنگانێکی شەوی سێشەممەی رابردوو لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە سنووری بانە تەقە لە کۆڵبەران کراوە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بریندار بووە، لە سنووری تەتەی هەورامان، دوو کۆڵبەری دیکە دەستگیرکراون و ئەشکەنجەدراون.

دەستەی کشتوکاڵی جەزیرە لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند زیاتر لە شەش هەزار دۆنمی داچێنراو بە گەنم و جۆ لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە تائێستا سووتاون، هێشتا هۆکاری تەواوی سووتانی ئەو زەوییانە نەزانراون.

لە ناوچەی رحای باکووری کوردستان، زەویوزارێکی زۆری جوتیارانی کورد لەلایەن پیاوانی دەوڵەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە، سەرەڕای ئەوەی پارێزگاری ئورفا بڕیاریداوە ئەم زەوییانە بگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانیان، بەڵام هێشتا جوتیارەکان هیچیان بۆ نەکراوە.

لە دەوروبەری عەفرین مەزارگەی مەنان کە مەزارگەیەکی ئاینی پیرۆزی ئێزدییەکانە بە تەواوی تێکدراوە، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن ئەمە یەکەمجار نییە مەزارگەی ئێزدییەکان لەلایەن گروپە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا خاپوور دەکرێن.

هاوڵاتییەکی تەمەن 61 ساڵی خەڵکی پیرانشاو لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکراوە بۆئەوەی سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا جێبەجێ بکەن کە لەلایەن دادگاوە بەسەریدا سەپێندراوە، مینەی مەلا بایز پیاوە دەستگیرکراوەکەیە، تۆمەتەکەشی ئەوەیە هاوکاری حیزبی دیموکراتی کردووە.