ئەمریکا دۆلاری لەسەر عێراق گرتووه‌تەوە

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

لە ئەنجامی ئەو فشارانەی بانکی ناوەندیی نیویۆرک بەرامبەر عێراق دروستی کردووە، ئێستا ئەو بانکە بە نزیکەی %90 کەمتر دۆلار بۆ عێراق دەنێرێت، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو هۆشدارییانەی ئەمریکا دێت لە بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بە ماڵپەڕی ۆڵ ستریت جۆڕنالی ئەمریکی راگەیاندوە، دوو ساڵە عێراق ئاگادار کراوەتەوە، کە ناردنی دۆلار بۆ عێراق سنووردار دەکرێت.

بە قسەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، عێراق بووەتە شوێنی سپیکردنەوەی دراوی ئێرانی و ناردنی دۆلار بۆ ئێران و ئەو وڵاتانەی سزایان لەسەرە.

بانکی ناوەندیی نیویۆرک، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، کۆنتڕۆڵێكی توندی خستووەتە سەر بانکی ناوه‌ندیی عێراقی و بانکە بازرگانییەکان، بە مەبه‌ستی کۆنتڕۆڵکردنی بردنەدەرەوی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی، کە لە لایەن ئەمریکاوە سزایان لەسەرە، بە دیاریکراوی ناوی ئێران هاتووە.

بەر لە مانگی تشرینی دووەم، بانکی ناوەندیی نیویۆرک رۆژانە نزیکەی 225 ملیۆن دۆلاری بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەنارد، بەڵام ئەو رێژەیە ئێستا بووه‌تە 22.9 ملیۆن دۆلار، بەمەش بە رێژەی %80 هاتنی دۆلار بۆ عێراق کەمبووه‌تەوە.

بانکی ناوەندیی عێراق، لە ماوەی دوو مانگی رابردوو، تواناکانی سنووردار بووە لە خستنەبازاڕی دۆلار، بە جۆرێک پێشتر بانکی ناوەندی رۆژانە تا 250 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەڵام ئه‌م بڕه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا بۆ 50 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی كه‌مبووه‌ته‌وه‌.

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، دیناری عێراقی %10 بەهاکەی لەدەستداوە.

رۆژی پێنجشەممە 19ی کانونی دووەم، بانکی ناوەندیی عێراق، 136 ملیۆن و 124 هەزار و 851 دۆلاری خستە بازاڕەوە.

لە ماوەی سێ مانگی رابردووەوە، نرخی دۆلار ناجێگیرە، بەجۆرێک وەک ئەوەی حکومەتی عێراق پلانی بۆ دانابوو، نرخی سەد دۆلار لە 146 هەزار دینار جێگیر بێت، بەڵام ئەمڕۆ 21ی کانوونی دووەم، لە کاتی کردنەوەی بازاڕ نرخی سەد دۆلار 166 هەزار دینارە.