"مەترسییەکی گەورە هەیە"

هەولێر بوو بە خاوەن سەنتەری شیاندنەوەی ئالودەبووانی مادەی هۆشبەر

964+
ئەحمەد مستەفا

لە هەولێریش ئیتر سەنتەری شیاندنەوەی ئالوودەبوانی ماددەی هۆشبەر هەیە، ئەو کەسانەی توشبووی یان بەکارهێنەری مادەکە بوون، هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێ و دواتر دەگەڕێندرێنەوە ناو کۆمەڵگە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12.6.2024، بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، یەكەمین سەنتەری شیاندنەوەی ئالوودەبوانی مادەی هۆشبەری لە شاری هەولێر و لە ناو چاكسازی ژنان و منداڵان کردەوە.

ئیحسان جەبار، بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی بە 964ی وت، “ئامارەكانی بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر رۆژانە لە بەرز بوونەوەدایە و گەر لایەنەكانی پەیوەندیدار بەم بابەتە رێكاری پێویست بۆ رێگریكردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەگرنە بەر ئەوا مەترسیەكی گەورە لەداهاتوودا رووبەروومان دەبێتەوە”.

ئەوەشی وت، “لەڕێگەی كردنەوەی ئەم سەنتەرەو بەهەوڵ و ماندوبوونی ستاف و كادیرانمان دەمانەوێت خزمەتێك بە تووشبوان و بەكارهێنەرانی ئەم ماددەیە بكەین و لەڕێی شیاندنەوەیان دووبارە وەك كەسێكی ئاسایی بگەڕێنەوە ناو خانەوادەو كۆمەڵگا”.

پێشتر لە هەردوو چاكسازی گەوران و ژنان و منداڵان سلێمانی و چاكسازی گەورانی دهۆك ئەم سەنتەرە كراەوەتەوە، بەڕێوەبەری چاکسازیی کۆمەڵایەتی وتی، “ژمارەیەكی زۆر لە بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر سوودیان لە چارەسەریەكانی ئەم سەنتەرانە بینیوە و چاك بوونەتەوە”.

دیمەنی کردنەوەی سەنتەری شیاندنەوەی ئالودەبووانی مادەی هۆشبەر: