عێراق سیحری هاندەرە ”شوومەکە”ـی بەتاڵ کردەوە

964+
دێسكی كوردی – هه‌ولێر

محەمەد حەجەری، هاندەرە بەناوبانگە عومانییەکەی مۆندیال، کە بە ”هاندەرە شومەکە” ناسرابوو، پێش یاری کۆتایی کەنداوی 25 درێسی عێراقی پۆشیوە بۆ ئەوەی عێراق بدۆڕێ، بەڵام هەڵبژاردەی عێراق ئەو سیحرەی بەتاڵ کردەوە.

محەمەد، کە خۆی ناوناوە ”مجومبا” لە کاتی بەڕێوەچوونی مۆندیالی قەتەڕ بەوە ناسرابوو درێسی هەر هەڵبژاردەیەکی پۆشيبا، ئەو هەڵبژاردەیە دەدۆڕا، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو 19ی کانوونی دووەمی 2023 لەکاتی بەڕێوەچوونی یاری کۆتایی جامی کەنداو لە نێوان عێراق و عومان درێسی عێراقی پۆشیبوو.

مجومبا لەو ستۆرییانەی بڵاوی کردووەتەوە لە پێش یارییەکە و بەدرێژایی یارییەکە، درێسی عێراقی لەبەردایە، کە لە شاشەوە تەماشای یارییەکە دەکات بەردەوام هانی هەڵبژاردەی عێراق دەدات.

عێراق بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ لە گێمی دووەمی زیادکراودا یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوانی کەنداوی 25.

لە مۆندیالی قەتەڕدا مجومبا ناو و ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردبوو، لە زۆربەی یارییەکاندا وێنەی خۆی لە سۆشیال میدیا پۆست دەکرد، کە درێسی یەکێک لە هەڵبژاردەکانی لەبەردا بوو، بەڵام ئەو هەڵبژاردانە شکستیان دەهێنا، بۆیە نازناوی ”هاندەرە شوومەکە”ی پێدرابوو.

لە یاری قەتەڕ و ئیکوادۆر بووە هاندەری قەتەڕ، قەتەڕ دۆڕا.
لە یاری ئەرجەنتین و سعوودییە هانی ئەرجەنتینی دەدا، ئەویش دۆڕا.
لە یاری نێوان بەڕازیل و کرواتیا، لەگەڵ بەڕازیل بوو، بەڕازیل دۆڕا.
هانی هۆڵەندای دا بەرامبەر ئەرژەنتین، دۆڕان بەشی هۆڵەندا بوو.

لە یاری چارەگی کۆتایی هەندەرانی مەغریب داوایان لێکرد هانی پۆرتوگال بدات، بەقسەی کردن و کریستیانۆ و هاوڕێکانی ماڵئاواییان کرد.

ترس لە مجومبا ئەوەندە زیادی کردبوو، جێگری باڵێۆزی فەرەنسا لە عومان داوایلێکرد درێسی هەڵبژاردەکەیان نەپۆشێ، بەڵام لە یاری پێش کۆتایی ئەو هانی فەرەنسای دا بەرامبەر مەغریب، گوایە بۆ ئەوەی مەغریب بیباتەوە، بەڵام ئیمپابێ و هاوڕێیه‌کانی لە جادووەکەی مجومبا بەهێزتر بوون و بردییانەوە.