جوتیارێک: ناتوانین گه‌نم بگه‌یه‌نینه پیره‌مه‌گرون
سایلۆی بیتوێن ده‌ڵێت جێگه‌مان نه‌ماوه بۆیه گه‌نمى بنگرد وه‌رناگرین
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
جوتیارانی ناحیەی بنگرد کێشەیان هەیە و لە سایلۆی راپەڕین گەنمەکانیان لێ وەرناگیرێت و دەڵێن سایلۆی پیرەمەگرون دووره و خه‌رجییه‌كى زۆرى پێویسته.
عومەر سەید عەلی یه‌كێك له جوتیاره‌كانه به 964ـى وت، سایلۆی بیتوێن بە بیانوی نەبوونی شوێن گەنمیان لێ وەرناگرێت.
وتیشی “پێیانوتووین 15 هەزار تۆن گەنمی پارساڵ ماوەتەوە و شوێنی وەرگرتنی گەنمی تازەمان نیە، به‌ڵام بە هەردوو دەڤەری بیتوێن و پشدەر 20 هەزار تۆن به‌رهه‌مى گەنم نیە”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه، خه‌رجییه‌كى زۆریان له‌سەر تا گەنمەکانیان گواستۆتەوە بۆ سایلۆ، گەنمەکەش بڕشت نیە و زەرەری لێدەکەن.
964 پەیوەندی کرد بە شەماڵ رەسوڵ بەڕێوەبەری سایلۆی بیتوێن، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، لە ئێستادا شوێن نیە بۆ وەرگرتنی گەنمی تازە.
وتیشی “سایلۆكه توانای وەرگرتنی 38 هەزار تۆن گەنمى هەیە، ئه‌ویش ته‌نیا بۆ گه‌نمى جوتیارانی بیتوێن و پشدەره، گه‌نمى جوتیارانى بنگردیش زیاتر لە 20 هەزار تۆن دەبێت”.
روونیشیکردەوە، رەزامەندییان وەرگرتووە گه‌نمه ماوه‌كه‌ى پارساڵ بنێرنه ئاشەکانی هەولێر بۆ ئەوەی بکرێتە ئارد و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکرێت، بەڵام ده‌ڵێت “بەهۆکارێکی نەزانراو لە بازگەکان رێگری کراوە لە گواستنەوەی گەنمەکە”.
ناحیەی بنگرد لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای دوکانە، بەڵام لە رووی جوگرافییەوە لە ئیدارەی راپەڕینەوە نزیکترە، ئەمەش وایکردووە ساڵانە جوتیارانی ناحیەکە لەپێناو تێچوییەکی کەمتر گەنمەکانیان بهێننه سایلۆی بیتوێن كه ده‌كه‌وێته ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی راپەڕین.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن