بۆ دووربوون لە نەخۆشی
کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی بۆ هاوڵاتیان: لای ئێمە ئاژەڵەکانتان سەرببڕن
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان و قوربانیکردنی هاوڵاتیان، کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی لە رێگەی 964ـەوە داوا لە هاوڵاتیان دەکات لای ئەوان ئاژەڵەکانیان بکەن بە قوربانی تا دووربن لە نەخۆشی.
ئێستا لە عێراق تای خوێنبەربوون بڵاوە و بۆ قوربانیکردن هۆشداری بە هاوڵاتیان دراوە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵاندا بکەن.
محەمەد محێدین، بەڕێوەبەری ئیدارەی کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەوان پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەکە و گۆشتارگە دەکەن و بەشێوەیەکی زانستی و پاکوخاوێن ئاژەڵ سەردەبڕن.
وتیشی، “هیوادارین زۆرترین هاوڵاتی ئاژەڵەکانیان بێننە لای ئێمە بۆ سەربڕین و سەبریان هەبێت تا هیچ لێکەوتەیەکی نەخۆشیان بۆ دروست نەبێت”.
کوشتارگەکە لە توانایدایە هەر رۆژێک هەزار سەر ئاژەڵ سەر ببڕێت.
بەڕێوەبەری ئیدارەی کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، ئەمساڵ بەهۆی گرانییەوە پێشبینی دەکەن قوربانی کەم بێت، بەڵام چەند رێکخراوێکی خێرخوازی لای ئەوان قوربانییەکانیان سەردەبڕن.
دەشڵێت، “ئاژەڵی بچووک بە شەش هەزار دینار و ئاژەڵی گەورە بە 30 هەزار دینار سەردەبڕن و ئامادەی دەکەن”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی