حەشارگەکانی داعش بۆردومانکران
+964
هونەر فارس – گەرمیان
لە نزیک شارۆچکەی دوزخورماتوو، بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک سێ جار فرۆکە بۆردومانی گوندی تاوێرکەوەی کردووە و تا ئێستاش نازاندرێت بۆردوومانەکە لە لایەن کێ بووە.
فەرماندەیەکی سەربازیی سنورەکە بە 964+ی راگەیاند، گوماندەکرێت فرۆکەکان مۆڵگەکانی داعشیان کردبێتە ئامانج.
“نزیکەی کاتژمێرێکە سێ جار فرۆکە بۆردومانی دەوروبەری گوندی تاوێرکەوەی کردووە، بۆردومانەکەش بۆ سەر حەشارگەکانی داعش بووە،” ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە وای وت.
ئەو فەرماندەیە باسی لەوەشکرد، لە رێگەی شوانکارەکانی سنورەکەوە پێیان راگەیەندراوە کە لە بۆردومانەکەدا دوو ماتۆڕسکیل کە گوماندەکرێت چەکدارانی داعش بن کراونەتە ئامانج.
بۆردوومانەکە دوای زیادبوونی جموجوڵەکانی داعش و رفاندنی دوو شوانکار دێت لە چەند رۆژی رابردوودا.
گوندی تاوێرکەوە لە نزیک شارۆچکەی دوزخورماتوو شوێنی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقە، ئەو شوێنەیە کە فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ ئاکام عومەر تێیدا بریندار بوو و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.