نموونەیەکی حەبەکە - وێنە: ئاژانسەکان
Azithromycin
هۆشداری لە حەبە سێ دەنکییەکە دەدرێت
پێشەوا محەمەد
پزیشکێک لە رێگای 964ـەوە هۆشداری لە زۆر بەکارهێنانی حەبی Azithromycin دەدات، کە بە حەبە سێ دەنکییەکە ناسراوە.
حەبەکە هی ئیلتیهاباتی میکرۆبییە و دژە بەکتریایە.
خاڵس ئەحمەد، پزیشک و وتەبێژی پێشووی وەزارەتی تەندروستی بە 964ـی راگەیاند، کێشەی حەبەکە ئەوەیە لە زۆربەکارهێناندا میکرۆبەکان بەرگریی بەرامبەر پەیدا دەکەن و ئیدی حەبەکە هیچ کارگەرییەکی نامێنێت.
وتیشی، “ئەو حەبە لە دەرمانخانە و کلینیک و لەناو سەیدەلییەی ناو کۆڵانەکانیش بە ئاسانی دەدرێت بە نەخۆش و ئەوەش کاریگەریی خراپی دروست کردووە لەسەر ئەوانەی وەریدەگرن”.
پزیشک و دەزگا تەندروستییەکانی هەرێم بەردەوام هۆشداری لە زۆر بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریاکان دەدەن.
“ئەگەر کەسێک ئەو حەبە سێ دەنکییە زۆر بەکاربهێنێت دوای ماوەیەک کە کاریگەریی نەما پێویستە دەرمانی قوورستر بخوات و ئەو کاتە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە زیاتر دەبێت”، خاڵس ئەحمەد وای وت.