تۆڕى ئاوى خواردنەوەیان بۆ دروست دەکرێت
قەسرێ کێشەى ئاوى نامێنێت
964+
وریا فەتاح
بەردى بناغەى پڕۆژەى راکێشانى تۆڕى ئاوى خواردنەوە بۆ ناحیەى قەسرێ دانرا، بەڕێوەبەرى ئاوى سۆرانیش دەڵێت، کێشەى کەمئاویان نامێنێت”.
پڕۆژەکە یەک ملیار و 687 ملیۆن دینارى لەسەر بودجەى وەزارەتى شارەوانى بۆ دابینکراوە.
تەحسین سەعدوڵا، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى سۆران بە 964ـى وت، پێشتر ناحیەى قەسرێ لە رێگەى کانییەکانەوە ئاوى بۆ دابین دەکرا، بەڵام ساڵى پار کانیەکان وشک بوون و وشکەساڵى دروستبوو بۆیە بیر لەوەکرایەوە لە رێگەى رووبارى دۆڵى قەسرێ ئاو بۆ دانیشتوانى ناحیەکە دابین بکرێت.
“پڕۆژەکە لە رێگەى لێدانى چەند بیرێک لەسەر رووبارەکە و دواتر راکێشانی هێڵی سەرەکی و دروست کردنی سێ عەمباری کۆنکریتی و دانانی سێت پەمپ بۆ راکێشانى ئاوەکە ئەنجام دەدرێت”، تەحسین سەعدوڵا واى وت.
پڕۆژەکە بەردى بناغەى دانراو بە وتەى بەڕێوەبەرى ئاوى سۆران، لەماوەى 180 رۆژدا تەواو دەکرێت.