ئاسایش لە بارەی بازگەکانەوە قسە بۆ 964 دەکات

بۆچی لە بازگەی سلێمانی چەند کەسێک راگیراون؟

+964

ژووری هەواڵ

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چەند کەسێک لە بازگەی چوونە ناو سلێمانی رێوشێنی جیاوازیان لەبەرامبەر گیراوەتەبەر و ناویان لە داتابەیسی بازگەکە تۆمارکراوە، ئاسایش دەڵێت ئەم حاڵەتە دوور و نزیک پەیوەندی بە خەڵکی شار و ناوچەیەک نییە و رێوشوێنێکی ئەمنی ئاساییە.
هاوڵاتییەک کە ئەمڕۆ لە هەولێرەوە دەچوو بۆ سلێمانی، لە بازگەی کەڵەوانان (نێوان دوکان و سلێمانی) داوایان لێکردووە بچێتە ”ژووری کۆمپیوتەر” ناوی خۆی تۆمار بکات [بەگشتی ئەم رێوشوێنە لەگەڵ هاوڵاتیانی عەرەب و خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگیرێتە بەر].
ئەو کەسە کە 964 باش دەیناسێت و جێی باوەڕە، خۆی داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، وتی ”گەیشتمە بازگەکە ئاسایشەکە داوای ناسنامەی کرد و وتی خەڵکی کوێن، وتم هەولێر، وتی بچنە ژووری کۆمپیوتەر با ناوتان تۆمار بکرێت”.
ئەو کەسە دەڵێت ”کە چوومە ژوورەوە پێنج هاوڵاتی عەرەب و دوو کەسی کوردی لێبوو، ئێمەش دوو کەس بووین، ناسنامەکانیان وەرگرتین و ناویان تۆمارکردین و وتیان بڕۆن”.
کەسەکە باسی ئەوەی کرد کە زۆر جاریتر هاتوچۆی سلێمانی کردووە، ئەمە یەکەمجارە ئەم حاڵەتە دەبینێت، بۆیە بەلایەوە سەیر بووە.
عەقید سەلام عەبدولخالق لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایش -سلێمانی، بە 964ی وت ”ئەمە رێوشوێنێکی رۆتینی هەموو بازگەکانی هەرێمی کوردستانە و بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و دەرەوەی هەرێمیشە، ئەو کارمەندەی لە بازگەکەیە هەندێجار بۆ دڵنیابوونەوە یان لەسەر بنەمای گومان بەڕێزەوە داوا لە کەسێک دەکات بچێتە ئەو بەشە تایبەتە تا لێی دڵنیاببنەوە، یان هەندێک جاریتر روودەدات ناوی گومانلێکراو بچێتە بازگەکان، دەشێ ئەو کەسەی کە رایدەگرێت ناوەکەی هاوشێوە بێت”.
عەقید سەلام زۆر جەخت لەوە دەکاتەوە کە بازگەکانی سلێمانی و هەموو ئەو بازگانەی ئەوان لێی بەرپرسن، بە هیچ شێوەیەک جیاوازی لە نێوان خەڵکی هیچ ناوچەیەک ناکەن و وتی ”هەمووان شاهیدی ئەوە دەدەن کە بازگاکانی سلێمانی و باقی ئەو بازگانەی دیکە، چەند بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ میوانان و خەڵکی شارەکەدا دەکەن”.

لە عەربەت دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر رووبەڕووی ئاسایش ...

لە عەربەت دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر رووبەڕووی ئاسایش بوونەتەوە