ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان

141 كەس دەستبەسەر كران


سۆما حەکیم زادە

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماری هاوڵاتیانی دەستبەسەرکراوی لە ئێران لە مانگی ئایاردا بڵاوکردەوه‌ و به‌ پێی ئاماره‌كه‌ 141 هاوڵاتی ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

بە پشبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی رێکخراوەکە، لە ماوەی مانگی رابردوودا بە گشتی 141 هاوڵاتی لە هەموو ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانه‌وه‌ دەستبەسەر کراون، لەم ئاماره‌شدا پشکی شێر بەر هاوڵاتیانی کورد کەوتووە، کە 80 كه‌سن.

راپۆرتەکە دەریدەخات 80 هاوڵاتی کورد، 18 هاوڵاتی بەلووچ، 11 هاوڵاتی تورک و هەروەها 14 ژن و 3 منداڵ، 5 مامۆستا و خوێنکاری زانکۆ لە مانگی ئایاری رابردوو له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانه‌وه‌ دەستبەسەر یان رفێنراون.

سه‌رچاوه‌كه‌ دەڵێت، زۆرترین ژمارەی هاوڵاتیانی دەستبەسەرکراو لە پارێزگای ورمێ بووه‌، کە 57 کەس تۆمارکراون.

هه‌روه‌ها لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان 18 هاوڵاتی، پارێزگای سنە 12 هاوڵاتی و ئازەربایجانی رۆژهەڵات 10 هاوڵاتی دەستبەسەر کراون.